هەورامی: سەرۆک بارزانی بۆ بەرپابوونی ئاسایشی مرۆیی لە ناوچەکەدا کار بۆ سەربەخۆیی دەکات
ئەمڕۆ، ٢ی ٨ی ٢٠١٧، (هێمن هەورامی)، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، لە پیرمام پێشوازیی لە (سێرێنا موڕۆنی)ی کونسووڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەو تەوەرانەی لەم دانیشتنەدا قسەیان لەسەر کرا، پەیوەست بوون بەو ڕەوشە هەنوکەییانەی کە ناوچەکەی پێیاندا تێپەڕ دەبێت. هەرێمی کوردستانیش بەشێکی کاریگەرە لە ئاراستە سیاسییەکانی ناوچەکە، (هەورامی) لەسەر کۆی پرسەکان دیدگای (سەرۆک بارزانی) و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسووڵی ئیتاڵیا خستەڕوو.
بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەیان قسەکردن بوو لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و ئەو میکانیزمانەی کە پرۆسەکەی پێ سەردەخرێت، (هەورامی) لەو بارەیەوە گوتی، (سەرۆک بارزانی) بۆ بەرپابوونی ئاسایشی مرۆیی لە ناوچەکەدا کار بۆ سەربەخۆیی دەکات. چونکە قوربانیدانی کوردستانیان لە ڕابردوودا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە دەوڵەت لەسەر خواستی هاووڵاتییان بنیاد نەنراوە. بۆیە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ دەنگی هاووڵاتییانی کوردستانی عێراق. هەروەها دەبێ سەربەخۆیی ببێتە زامنی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا و هەمووکات پاڵپشت و هاوکار دەبین لەبەرامبەر پێشهاتەکاندا، وەک چۆن لە شەڕی داعشدا بەردەوام لە یەک سەنگەردا بووین.
کونسوڵی ئیتاڵیا، (سێرێنا موڕۆنی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم جۆرە دانیشتنانە دەربڕی .
kdp-
