سەرکردەكوردێكی ئێزدیی له حەشد هه‌ڵگه‌ڕاوه: پشتگیریی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ین.. ئه‌وه‌ی راست و دڵسۆزی ئێزدییانه، تەنیا سەرۆک بارزانییه
(میرشێرزاد فارووق بەگ)، كه‌سایه‌تیێكی بنەماڵەی میری کوردانی ئێزدییە، ئه‌و چووبووه ناو ریزەکانی حەشدی شەعبی و چەندین پلەی باڵایان پێ دابوو و یەکێک لە سەرکردەکانی باڵای ئەو هێزە بوو، ئێستا ئەو هێزەكه‌ی بەجێهشتووە لە ناحیەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان گیرساوه‌تەوە پێوه‌ندی به رێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه كردووه. لە دیدارێکی تایبەتدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت، یەکەم جار حەشدی شەعبی پێیگوتوون هاوکاریی ئێزدییان دەکەن و چەکیان ده‌ده‌نێ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بووه كه به‌شێك له كورده نه‌داره‌كانی ئێزدی چوونه‌ته نێو ئەو هێزەوه، به‌ڵام دواتر بێبه‌ڵێنییان كردووه و هیچیان نه‌داونه‌تێ.
(میرشیرزاد) ده‌ڵێ: ''كاتێك تێگه‌یشتم کاری حەشدی شەعبی راست نییە و خزمەت بە ئێزدییان ناكات، بەجێمهێشت و گەڕامەوە کوردستان. كه گەڕامەوەش، زۆربەی بەرپرسە باڵاکان پێشوازییان لێم کرد و ئێستا ده‌زانم و گه‌یشتووم به‌و باوه‌ره‌ی كه ئەمە رێگای راستە له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆت بی.''
له‌باره‌ی ئه‌وه‌یشه‌وه كه هه‌ر ته‌نیا گه‌ڕاوه‌ته‌وه یاخوود خه‌ڵكی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ بووه، ئەو گوتی: ''زۆربەی ئێزدییان حەشد بەجێدەهێڵن؛ خۆی کاتێک من گەڕامەوە ڕێژه‌یه‌كی زۆر لەگەڵم هاتنه‌وه و ئەو هێزەیان بەجێهشت. كار و كرده‌وه و ڕه‌فتاری حه‌شدی شه‌عبی ڕۆژ به‌ڕۆژ بۆ ئێزدییان ئاشکەراتر دەبوو کە له‌گه‌ڵماندا راست نییە، بۆیه پێشتریش و ئێستایش به‌رده‌وام خه‌ڵكی ئێزدیی نێو حه‌شد ده‌گه‌ڕێنه‌وه و پێوه‌ندی به هێزی پێشمەرگەوه ده‌كه‌ن.''
''په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی پێوه‌ندییان باش بوو''
دەربارەی پەیوەندیی پەکەکە و حەشدی شەعبی، (شێرزاد فارووق بەگ) نایشارێته‌وه كه: ''پێشتر حەشدی شەعبی و پەکەکە پەیوەندییان پیکەوە هەبوو، به‌ڵام دواتر پەیوەندییان لەسەر رزگارکردنی باشووری شنگال تێکچوو و، تا ئەو رۆژەی من هاتووم هیچ پەیوەندییان نەمابوو، هەردوو لا بەرانبەر یەک وەستابوون.''
ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزدییان دەشڵێ: ''من زۆر سەرفەرازم کە گەڕاومەته‌وە نێو رێزەکانی پارتی و رێبازی بارزانی و بەردەوام دەبین له‌گه‌ڵیاندا. ئێمە هێج جیگایەکمان نییە جگە لە کوردستان و ئەوەیشی بە راستی و دڵسۆزی بۆ ئێزدییان کار دەکات، تەنیا (سەرۆک بارزانی)یه. کوردستان خاکی ئێمەیە و ئیزدیخان کوردستانە و کوردستانیش ئێزدیخانە، ناکرێت لە یەکدی جیا بکرێنەوە، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ناتوانین لەگەڵ عەرەباندا بژین.''
''دەبێت شنگال بۆ شنگالییەکان''
لە (25)ی ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان دەکرێت، بریاریش دراوه ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی هەریمیش به‌شداری ئەم پرۆسەیە بن. (شێرزاد فاروق بەگ) له‌مباره‌وه گوتی: ''من بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەکەم، چونکە پرسێکی چارەنووسسازە. داوایش دەکەم لە هەموو ئێزدییان پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بكه‌ن و لە رۆژی (25-9-2017) بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بچن و دەنگ بە ''بەڵێ'' بدەن. ڕاستییه‌كه‌ی ده‌نگدان به به‌ڵێ، بۆ ئێمە به واتای ڕزگاربوونه لە زوڵم و به‌ره‌وڕوونه‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی دیكه. ده‌نگدان به به‌ڵێ، به واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچەكانی ئێزدییانه بۆ سەر ئیداره‌ی حكوومه‌تی کوردستان. ئێمه ئومێدمان وایه به راگه‌یاندنی سەربەخۆییی کوردستان هەموو مافەکانی کورد لە وڵاتێکی سەربەخۆدا دێنه دی.''
kdp-
