ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە بڕیاری بەشداریان لە ریفراندۆم دا
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ھەرسێ ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە، کە سەر بە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوان، کۆ بوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەش بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن، سنووری ھەرسێ ناحیەکە بێبەش نەکرێن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان و بنکە و سندووقی دەنگدان لە ناوچەکانیان بکرێتەوە، تا ھاووڵاتییانی سنوورەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ھەردوو ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەڕاسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە ئەنجام دا و توانی جگە لە پاککردنەوەی ھەرسێ ناحیەی زوومار و ڕەبیعە و عیازیە، سەدان گوند کۆنتڕۆڵ بکات.
ئەنجومەنی ناحیەکانی زوومار، ڕەبیعە و عیازیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: ''ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیان ڕۆڵەی کردووەتە قوربانی لە پێناو گرتنەوەی ناوچەکانیان لەژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش و ئێستا باشترین چارەسەر بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچەکانیان و زامنکردنی داھاتوویەکی گەش، بەشداریکردنە لە ڕیفڕاندۆم و چارەنووسی ناوچە و خەڵکی سنورەکە گرێ دراوە بە چارەنووسی خەڵکی کوردستانەوە، بۆیە پاڵپشتیی سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەین.''
kdp-
