سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: شاندێکمان سەردانی هەولێر دەکات

 سەرۆکی ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: شاندێکمان سەردانی هەولێر دەکات
شاندێکی ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

ریاز سەیف، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، دیداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ”گرنگە و بایەخی خۆی هەیە“، چونکە هەڵوێستی بارزانی بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ”گرنگە“.

ریاز سەیف \71 ساڵ\ هەروەها رایگەیاندووە، ئیئتیلافەکەی لە بەرنامەی دایە سەردانی شاری هەولێر بکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆ ببێتەوە، ”پێویست بوو زووتر ئەو سەردانەمان بکردبووایە“.

سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئاماژەی بە تەوەرەکانی گفتوگۆی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ بارزانی، تاوتوێی پرسی پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و عەرەب، چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا و رەوشی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەشیان بۆ دەیان هەزار ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووەتەوە و چەند جارێکیش سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.












باسنيوز
Top