لقی ھەڵەبجەی یەکێتیی مامۆستا: لەمپەر دروستکردن بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان ئیدانە دەکەین

 لقی ھەڵەبجەی یەکێتیی مامۆستا: لەمپەر دروستکردن بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان ئیدانە دەکەین
سەرۆکی لقی ھەڵەبجەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە ئیدانەی ھەر ھەولێکی شۆڤێنانە دەکەن، کە لەلایەن ھەرکەس و لایەنێکەوە بدرێت بۆ ھەر لەمپەر دروستکردنێک بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی لەبەردەم گەلی کوردستان.

فارووق غەفوور، سەرۆکی لقی ھەڵەبجەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، کە بۆ پشتگیرکردن لە ڕیبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕیکیان خستبوو، ڕای گەیاند: "وەک ئاشکرایە، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بەھۆی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوەکانی کەرکووک دەچێتە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە بەغدا، بۆیە وێرای ئیدانەکردنی شکات لە بەرێزیان پاڵپشتی و پشتگیری خۆمانی بۆ دەردەبڕین".

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان لە ھەڵەبجە، ئەوەشی خستە روو: "ئەو پشتگیریکردنە تایبەت نییە بە کەس و لایەنێک و شارێکی دیاریکراو، بەڵکو پشتگیریکردنە لە ناسنامەی کوردستانی بوونی شاری کەرکووک، ڕێز و نرخاندنە بۆ ئەو خەرمانە خەبات و قوربانیدانەی گەلی کوردستان، کە لە پێناو شەکاندنەوەی ئاڵاکەیدا داویەتی، بەتایبەت لە شاری کەرکووک، ھەروەھا تێکۆشانێکی جدییە بۆ بەرەو سەربەخۆیی کوردستان بەگشتی و شاری کەرکووک بە تایبەتی".

جەختیشی لەوە کردەوە: "پشتگیریمان، درێژەی ئەو خەباتە مێژووییەی مامۆستایانە، کە لە ڕووی مەدەنی و بەرگری گیانفیداییەوە،‌ لە ڕابردوو و لە ئیستا ھەمانبووە، بۆیە ھەر ھەولێکی شۆڤێنانە ئیدانە دەکەین، کە لەلایەن ھەر کەس و لایەنێکەوە بدرێت بۆ لەمپەر دروستکردن لە بەردەم گەلی کوردستان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی".












باسنيوز
Top