”شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە“
محەمەد ئێلخانی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم گوتی: "یەکەم کەسایەتی لە بەغدا شاندی ڕیفراندۆم سەردانی دەکات، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، چونکە پۆستی باڵای ئەو دەسەڵاتی سیاسییە و دەسەڵاتی یەکەمە لە عێراق، ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی ڕیفراندۆم زانیاریی پێ دەدەین و رای دەگەیەنین کارەکەمان بە نھێنی نییە و بڕیاری خەڵکە و بە ئاشکرا ڕیفراندۆم دەکرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕاشی گەیاند: "یەکێکی دیکە لە تەوەرەی گفتووگۆکەمان ئەوەیە کە ڕیفراندۆم لە سنووری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ڕیفراندۆمە بە رێکوپێکی بکرێت و دەبێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین و بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان گرفتمان نەبێت، چونکە ھەندێک ناوەندی دەنگدان ھەمووی فەرمانگەی حکوومین و دەبێت لەو ڕۆژەدا ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت".
گوتیشی: "ئەو حزبانەی لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەندامن، و بۆ شاندەکە کاندید پێشکەش دەکەن و لە ئێستاوە ھەر حزبێک دەزانێت کێ دەنێرێت بۆ بەغدا و نوێنەری ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەڕۆن".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە چەند ڕۆژی داھاتوودا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکە دیاری دەکەن".
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بڕیاری ئەوە درا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و پرسی ڕیفراندۆم بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بکات.
باسنیوز
