شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووردەخرێتەوە و رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە

 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووردەخرێتەوە و رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆخان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بڕیاڕێکی فەرمی کۆسرەت رەسول عەلی سزادەدرێت و دووردەخرێتەوە. بڕیارە لیژنەی لێکۆڵینەوەیشی لەسەر پێکبهێندرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.

بەپێی بڕیارێکی فەرمی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و واژۆی کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لەسەرە، هۆکاری سزادانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە: "ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە دوور لە هەموو گیانێکی حیزبایەتی پەیام و پروپاگەندەی نابەجێ بڵاودەکاتەوە".

لە بڕیارەکەدا کە رۆژی 30-7-2017 دەرکراوە و ئاراستەی کارگێڕی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبی سیاسی کراوە، سزای شاناز ئیبراهیم ئەحمەد روونکراوەتەوە:

یەکەم: لادانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە.

دووەم: مەکتەبی رێکخستن بە راوێژ لەگەڵ مەکتەبی سیاسی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ دابنێن.

سێیەم: مەکتەبی رێکخستن سەرپەرشتی کۆمیتە و چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات بکات، تاوەکو هەڤاڵێکی سەرکردایەتی دەکرێتە لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە.

لەبەرامبەردا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "تاوەکو لیژنەی لێكۆڵینەوەی مەكتەبی رێكخستن كارەكانی تەواو نەكات، بەهیچ شێوەیەك وەڵامم لەوبارەیەوە نابێت".

پێشتریش ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی حیزبەکەی سزای سەرزەنشتکردنیان بۆ دەرکرابوو . کۆتایی ساڵی رابردووش بەهۆكاری ئەوەی دەستی لە قوڵبوونەوەی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای سڕكردن (تەجمیدكردن)ی کردبوو.

دەرکردنی ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵیش ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە بڕیارێکی کۆسرەت رەسول دوورخرایەوە و ئارێز عەبدوڵڵای لە شوێن دانرا.



رووداو
Top