خلیل ئیبراھیم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سەردانی بەغدا دەکات.. ڕیفراندۆم بڕیاری کوردستانیانه
ئەندام مەکتەب سیاسییەکی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەندام لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم (خلیل ئیبراھیم)، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریداوە لە چەند ڕۆژی ئایندە تا ١٠ـی ئاب، سەردانی بەغدا بکەن".
ئەندام لیژەنەکەی باڵای ریفراندۆم ئاشکرای دەکات، کە لێژنەکە هەر یەکە لە (مەسعوود بارزانی) و (کۆسرەت ڕەسوڵ) و چەند ئەندامێکی تر لە پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکدێت، دەشڵێت، لە میانەی سەردانی شاندەکەش، بە فەرمیی بە بەغدا ڕادەگەیەنین، کە ڕیفراندۆم و گشت پرسی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە بڕیاری میللەتی کوردە و مافی خۆمانە".
لەمەڕ شێوازی مامەڵە کردنی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بە دوای رووخانی (سەدام حسێن) تا ئێستاش بەرامبەر نەتەوەی کورد، بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە بووە و لەو رووەوە، (خەلیل ئیبراهیم) گوتی، "لە مێژووی درووستبوونی عێراقەوه تا بە ئەمڕۆ ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە، بۆیە پێمان باشە دوو هاوسێ بین، ئەوەش رای میللەتێکە".
لەسەر ئەو پێشێلکارییە دەستووریانەی حکوومەتی عێراق ئەنجامی داون، لە لایەن لیژنەی ریفراندۆمەوە دۆسییەی تایبەتی بۆ دەکرێتەوە، ئەندامی لیژنە باڵاکەی ریفراندۆم، گوتیشی، "دۆسییەکان ئامادە دەکەین و بۆ بەغدای دەبەین"، زیاتر دەڵێت کە دوای ڕوخانی ڕژێم، کورد هاوشانی عەرەب عێراقیان لەسەر دەستوورێک بنیات نایەوە، بەڵام تا ئێستا کار بەو دەستوورە نەکراوە، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا ئەوەش دەڵێت: "پێشتر گفتوگۆی زۆر لەگەڵ بەغدا کراوە و سوود لەو ئەزموونەی پێشومان وەردەگرین، هاوکات لە ئێستادا تاکە کار لە پێشمانە پڕۆسەی ڕیفراندۆمە لەگەڵ بەغدا باسی بکەین، دەمانەوێـت بە لێک تێگەیشتن و ئاشتیانە لە یەکتری بگەین".
له عێراقدا زۆر لایەن ھەیە، وەک لایەنەکانی شیعه و سوننه، حکوومەتی ناوەندیش، لەمەڕ سەرەتای دانیشتنیان لەگەڵ کام لەو پێکهاتانە دەبێت، (خەلیل ئیبراهیم) نەیشاردەوە کە سەرەتا لەگەڵ حکوومەت گفتوگۆ دەکرێت، ئاماژە بە بۆچوونی جیای پێکهاتەکانی عێراق لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "لە عێراقدا ھەموو دژنین و لایەن ھەیە دەڵێت مافی خۆتانە سەربەخۆبن، ھەیە بڕوای بە کۆنفیدراڵی ھەیە و ھەشیانە بە گفتوگۆ و لێتێگەیشتن"، دهشڵێ، سەردانی لیژنەکەیان بۆ یەک جار نییە، "ئەم سەردانانە درێژخایەنن بە جارێک و دووجار کۆتایی نایەت، جارێ تەنیا ڕیفراندۆم پرسی سەرکییە، لە ئایندە دۆسیەمان زۆرن لەگەڵ بەغدا باسی بکەین، ئەمانە بۆ دوای ڕیفراندۆم هەڵدەگرین، ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مافێکی نێودەڵەتی خۆمانە و میللەتی کورد ماندوو بووە و دەرگای شەڕ با دابخرێت و بە ئاشتیانە کێشەکانی نێوانمان چارەبکەین".
kdp-
