ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: گرانبوونی بازاڕ لە ئارادا نییە و دەنگۆیە

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: گرانبوونی بازاڕ لە ئارادا نییە و دەنگۆیە
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر سەبارەت بە گرانبوونی بازاڕ، میوانداریی کۆمەڵێک بەرپرسی پەیوەندیداری کرد، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێت، دەرکەوت ئەوەی لەبارەی گرانبوونی بازاڕەوە دەگوترا، ڕاست نەبوو، بگرە سایلۆکانی ھەرێم پڕن لە گەنم، کە بەشی زیاتر لە ساڵێکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات.

ماوەی زیاتر لە حەفتەیەکە دەنگۆ و مەترسیی ئەوە لە نێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە، کە گوایە بە ھۆی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە سنوورەکان دادەخرێن و کەلوپەل لە بازاڕەکاندا گران دەبن و بەزەحمەت دەست دەکەوێت و نرخی گەنمیش لە بازاڕدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک، کە نرخی یەک تۆن گەنم گەیشتووەتە ٧٠٠ ھەزار دینار، لەمبارەیەوە، (یاسین سەلیم مزووری)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردسانی ڕاگەیاند: ''دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە کەلوپەل لە ھەرێمی کوردستاندا گران بووە و خواستی لەسەر زۆر بووە و مەترسیی قەیران ھەیە، بۆیە ئێمەش ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەرێم و جێگری بەڕێوبەری گشتیی ژووری بازرگانیی ھەولێر کۆ بووینەوە و تێیدا دڵنیاییان دا، کە ھیچ گرانییەک لە ئارادا نییە، وەک لە میدیادا باس دەکرێت و سنوورەکان کراوەن و کەلوپەلیش بە شێوەیەکی زۆر دێت بۆ ھەرێم و ھیچ باسێکیش نییە بۆ گرتنی سنوورەکان و ئەوەی دەگوترێت ڕاست نییە.''

(یاسین سەلیم مزووری) گوتیشی: ''ھەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا قایمقامی ناوەندی ھەولێر و بەڕێوبەری سایلۆی ھەولێر میوانداری کرابوون، باسیان لەوە کرد، ئەوەی دەگوترێت لەبارەی گرانبوونی بازاڕەوە، ھیچ بنەمایەکی نییە، بۆ ئەو مەبەستەش چاودێرییەکی وردی بازاڕ دەکرێت و جگە لەوەش، سایلۆکانی ھەرێم پڕن، بە جۆرێک تا ساڵێکی دیکە پێویستمان بە ئارد نابێت بۆ ھەرێمی کوردستان.''

لای خۆیشیەوە، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان، (بەشار مشیر ئاغا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە بەدواداچوونمان بۆ نرخی گەنم کردووە و نرخەکەی وەکو خۆیەتی و گران نەبووە و لە سایلۆکانیشدا نیزیکەی ٦٠٠ ھەزار تۆن گەنم ھەیە، بۆیە تا ساڵێک زیاتریش پێویستمان بە گەنم نابێت، چونکە ئەمە بەشی ھەموو کوردستان دەکات.''

(بەشار مشیر ئاغا) گوتیشی: ''ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نرخی یەک تۆن گەنم لەو نرخە کەمترە، کە حکوومەت لە جووتیارانی دەکڕێت، چونکە یەک تۆن گەنم لە بازاڕ بە٤٠٠ بۆ ٤٥٠ ھەزار دینارە، بەڵام حکوومەت بە ٥٦٠ ھەزار دینار لە خەڵکی وەردەگرێت.''
kdp-
Top