شارەزایەکی بواری نەوت: ھەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیھانی

 	 شارەزایەکی بواری نەوت: ھەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیھانی
شارەزایەکی بواری نەوت دەڵێ، ھەرێمی کوردستان لە ڕووی وزەوە زۆر دەوڵەمەندە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ھەنگاوی زیاتر دەچێتە پێشەوە، بۆیە لەداھاتوو ھاوشێوەی ڕوسیا دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیھانی.

ھەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بواری ورزەدا ھەنگاو دەنێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرھەمھێنانی نەوتەکە زیاتر دەبێت و گرێبەستی زیاتریش لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان ئیمزا دەکات و ئێستا بەشێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان لە ھەرێمی کوردستان نەوت بەرھەم دێنن و دواین گرێبەستی ھەرێمیش لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا بووە، کە بە پێی ئەو گرێبەستە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم تا ساڵی داھاتوو دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە یەک ڕۆژدا، لە کاتێکدا ئێستا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم ڕۆژانە ٦٥٠ ھەزار بەرمیلە، شارەزایەکی بواری نەوتیش لەو بارەیەوە دەڵێت، ھەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە وزە و لە داھاتوودا دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیھانی، ھاوشێوەی وڵاتی ڕووسیا.

(د. ڕزگار) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زۆر باشە و بەتایبەت وڵاتی تورکیا، کە ڕێککەوتنی نەوتی لە نێوان ئەوان و ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، کە لە ڕووی یاسایییەوە پێویستە ھەردوولا پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە بن و جگە لەوەش، تورکیا زۆر بەرژوەندیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە کارێک ناکات کاریگەری لەسەر بەرژوەندییە ئابوورییەکانی ئەوان ھەبێت، لەوانە داخستنی سنوور بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا بە ھۆی ڕیفراندۆمە، ڕەنگە جیاوازیی ڕا ھەبێت، بەڵام کارێکی لەو جۆرە ناکات، ئەوەی نەیارانی کورد باسی دەکەن.''

(د. ڕزگار) گوتیشی: ''ھەرێمی کوردستان دەرگایەکە بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی و دابینکردنی وزە بۆ جیھان، نەک تەنیا بۆ تورکیا، ئینجا تورکیاش بە ھۆی ھەرێمەوە بەرژوەندیی زۆری ئابووریی لەگەڵ وڵاتانیش ھەیە، نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوان ئامادە نین ئەو زیانە لە خۆیان بدەن، کە ھەرێم پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات، لەکاتێکدا ھیچ کاریگەریی نەرێنیی بۆ ئەوان نابێت.''

ئەو شارەزایەی بواری نەوت ڕاشیگەیاند: ''ئێستا ڕووسیا سەرچاوەی دابینکردنی گازە بۆ وڵاتانی جیھان و ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوە بە وزە دەوڵەمەندە، بۆیە لە داھاتوودا دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی وزەی جیھان و کێبرکێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات، کە بە وزە دەوڵەمەندن، ئەوکات ھەموو وڵاتێک بەرژوەندیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەبێت.''

ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمساڵ ٢٥/٩ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و تا ئێستاش ھیچ وڵاتێک دژایەتیی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە ڕانەگەیاندووە و بگرە زۆرێک لە وڵاتان پشتگیریشی لێ دەکەن.
kdp-
Top