عیرفان کەرکووکی: سەدان گەنجی تورکمان دەیانەوێت ببن بە پێشمەرگە

 	 عیرفان کەرکووکی: سەدان گەنجی تورکمان دەیانەوێت ببن بە پێشمەرگە
سەدان گەنجی تورکمان خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ببن بە پێشمەرگە و بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، زۆرینەی تورکمانەکان چارەنووسیان بەستووتەوە بە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان و وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی کوردستان ئامادەن بەرگری لەو خاکە بکەن.

(عیرفان کەرکووکی)، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، ھیچ ھێزێکی چەکداری تایبەت بە تورکمانەکان لە کەرکووک و ھیچ ناوچەیەکی کوردستان و عێراق هەبێت، بەلکۆ ڕۆڵەکانی تورکمان پەیوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکەن و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە شێوەیەکی فەرمی چەکدار بکرێن و جێگەیان بکرێتەوە، بەرژەوەندیی گەلی تورکمان لەوەدا نییە، ھیچ ھێزێکی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە، ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، کە بچینە نێو وەزارەتی پێشمەرگەوە.''

حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی کەرکووک و بەشیر و خورماتوو و تەلەعفەر ژمارەیەک تورکمانی چەکدار کردووە و ھانیان دەدات بۆ ئەوەی ئەجێندای حەشدی شەعبی جێبەجێ بکەن.

(عیرفان کەرکووکی) گوتیشی: ''تا ئێستا ھیچ ھێزێکی فەرمی بۆ تورکمان پێک نەھێنراوە، بەڵام ئێمە پێشتر و ئێستاش داوامان کردووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەنجانی تورکمان لە کەرکووک و ھەرێمی کوردستان وەک پێشمەرگە دایانمەزرێنێت، تا بتوانن شانبەشانی پێشمەرگە بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، چونکە سەدان گەنجی تورکمان خۆیان ئامادە کردووە، لە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا خزمەت بکەن و ئێمەش ھانمان داون ببن بە پێشمەرگە.''

kdp-
Top