حزبە کوردستانییەکان: شەراکەت و پێکەوەژیان لە عێراقدا کۆتایی هاتووە، بۆیە بڕیاری خۆمان دەدەین
هێشتا کورد پۆستەکانی لە بەغدا پڕ نەکردووەتەوە، چونکە شەراکەتی ڕاستەقینە لە عێراق نەماوە، لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە، پۆستەکانیان لە حکوومەتی عێراقدا پڕ بکەنەوە، چونکە بەشێکی زۆریان بەوەکالەت پڕ کراونەتەوە، بەڵام وەڵامی لایەنە سیاسییەکان ئەوە بووە، کە شەراکەت لە عێراقدا نەماوە، هەر پۆستێک پڕ بکرێتەوە بێسوودە، بەتایبەت ئێستا وەزیری داراییی عێراق و سوپاسالاری عێراق و ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق و بریکاری وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە پشکی کوردن، هیچیان بەدەست کوردەوە نەماون. (شاخەوان عەبدوڵا)، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە بەغداوە ئاگادار کراینەوە کە کاندید بۆ پۆستی وەزیری داراییی عێراق دیاری بکەین، بەڵام ئێمە ڕەتمان کردەوە کاندید بنێرین، چونکە هاوبەشی لە عێراقدا نەماوە، تا وەزیر بنێرین و کاندیدیشمان نابێت، لەکاتێکدا ئێمە کە عێراقمان دروست کردەوە داوای شەراکەتمان کرد، کەچی لەبری شەراکەت، زۆرینەی سیاسی، خۆی فەڕز بکرد، بەبێ ئەوەی ویستی ئێمەی لەسەر بێت، یان پرسمان پێ بکرێت.''
(شاخەوان عەبدوڵڵا) جەختیشی لەوە کردەوە: ''ئەگەر پارتی بەربژێری ھەبووایە، ئێستا پێشکەشی دەکرد، بەڵام نیمانە و پێشمان گوتوون، وەزیری داراییمان ھەبوو، پارە نەبوو، سوپا سالارمان ھەبوو، بوودجەی پێشمەرگە نەدەدرا، ئیتر بۆچیمانە؟ لە هەمووی گرینگتر بەغدا دەست بەسەر ئەو پارانەدا دەگرێت، کە زۆر جار وەک هاوکاری بۆ پێشمەرگە هاتوون، ئێستاش ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان دەیکات، دزییە.''
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش ڕەخنە لە ئیدارەدانی سیاسەتی حکوومەتی عێراق دەگرێت، (جەمال کۆچەر)، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: ''ئەگەر بڕیار بێت بەغدا کۆتایی بە شەراکەت بهێنێت، کۆتاییی شەراکەت بەدەست ئەوان نییە، لە دەستی ئێمەدایە، کە بە یەکدەنگی بڕیار بدەین بە تەواوەتی لە بەغدا بکشێینەوە، یان نا، ئەمەش بڕیاری خۆمانی دەوێت. ئێستا کە وەزیری دارایی لە لایەن کەسایەتییەکی پارتییەوە بەڕێوە براوە، ئەویش کاک (هۆشیار زێباری)یە، تەنیا نوێنەری پارتی نەبووە، نوێنەری کورد بووە لە بەغدا، دەبێ پرسی بەغدا بەحزبی نەکرێت، دەبێ هەموو لایەک پێکەوە بڕیار بدەین لەم عێراقەدا، چونکە بەداخەوە شەراکەت لە عێراقدا نەماوە.''
(جەمال کۆچەر) گوتیشی: ''لە عێراقدا زۆر شت هەبوون، پێچەوانە بوون، سەرەتا باسیان لە دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی کرد، دواتر باسیان لە شەراکەت و پێکەوەژیان کرد، بەڵام ئەوەی بینیمان پێچەوانە بووەوە، بۆیە گرینگە کوردستان بە یەکەوە بڕیاری داهاتووی خۆمان بدەین.''
لەم بارەوە، (سەعد خالید)، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەداخەوە عێراقی شەراکەت نەماوە، پێکهاتەکان پەراوێز خراون، باس لە زۆرینەی سیاسی دەکرێت، کە ئەمە دەستەیەکی دیکتاتۆر دروست دەکات و وا دەکات پێکهاتەکان فەرامۆش بکرێن و دەربکرێن لە عێراقدا، ئەوەی دەمانەویست لە عێراقی تازەدا نەهاتەدی، نەیانتوانی پێکەوەیی قبووڵ بکەن، بۆیە بەم نەفەسەوە، نەک کورد، بەڵکو سوننە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراقیش ناتوانن لە گەڵ عێراقدا هەڵبکەن، چونکە ناکرێت تاقمێک زۆرینەی سیاسیی خۆی فەڕز بکات بەسەر ئەوانی دیکەدا.''
(سەعد خالید) ئەوەیشی خستەڕوو: ''ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرانبەر بە کورد دەکرێت، خراپە، چونکە کوردستان ڕۆلی بەهێزی هەبوو لە دروستکردنی عێراقدا، کەچی ئێستا دەیانەوێت سیاسەتی پەراوێزخستن جێبەجێ بکەن.''
لەگەڵ نیزیکبونەوەی وادەی ڕیفراندۆم لە کۆبوونەوەی ئەم حەفتەیەی شاندی ڕیفراندۆمدا بڕیار دراوە لە کوردستانەوە شاندێک ڕەوانەی بەغدا بکرێت، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی گرینگ؛ لەوانە پرسی ڕیفراندۆم.
kdp-
