دیپلۆماتکارانی کورد: کوردستان لە جیهاندا وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت
لە ماوەی ڕابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی برۆکسڵ پایتەختی بەلجیکایان کرد، (سەرۆک بارزانی) بە یاوەریی شاندێکی کوردستان چوونە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، چەند پەرلەمانتارێکی ئەوروپییان بینی، سەردانی سەرۆکی چەند هەرێمیان کرد و دواتر شاندی کوردستان سەردانی ئەمەریکایان کرد و لەوێش سیمینارێک لەبارەی گرینگیی ڕیفراندۆمەوە ئامادە کرا، (د. کاوە شاوڵی)، دیپلۆماتکار و مامۆستای زانکۆ لە فەرەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرتی کوردستانی گوت: ''کوردستان لە قۆناغی بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسیدایە و گرینگە کوردستان لۆبیی خۆی بەهێزتر بکات، ئیستا ئەمەریکا بڕیاردەری یەکلاکەرەوەی جیهانە و کاریگەریی لەسەر تەواوی وڵاتانی ئەوروپاش هەیە، لێکنیزیکبوونەوەی کوردستان و ئەمەریکا بەشێکی زۆری بۆ بەهێزیی دیپلۆماسیی کورد دەگەڕێتەوە، چونکە کوردستان توانی دەست بەو هاوپەیمانییەوە بگرێت، کە لەگەڵی بوون. لە ماوەی شەڕی عێراق و ئەمەریکادا تەنیا یەک سەربازی ئەمەریکا لە کوردستان نەکوژرا، دواتر لە بنیادنانەوەی عێراق و شەڕی داعشدا، کوردستان و ئەمەریکا پێکەوە هەنگاویان نا، ئیستاش کوردستان لە قۆناغێکی نوێدایە لە واشنتۆن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان دەدرێت، قۆناغی پەیوەندیی کوردستان و ئەمەریکا و ئەوروپا لە پەیوەندیی ئاسایییەوە گۆڕاوە بۆ پەیوەندیی بەهێز.''
(د. کاوە شاوڵی) ئەوەشی خستەڕوو: ''ڕیفراندۆم لەپێش هەرێمی کوردستاندایە، گرینگە لەم ڕوانگەوە هەرێمی کوردستان دیپلۆماسییەکەی بەهێز بکات، چونکە لە داهاتووی ناوچەکەدا پێویستە؛ کوردستان بۆ ئەوروپا و بۆ ئەمەریکاش گەرەنتیی پاراستنی ناوچەکەیە، ئەگەر ئەوان بیانەوێت ئارامی لە ناوچەکەدا هەبێت، دەبێ سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئارامی بپارێزن، بۆ ئەمەش کوردستان تاکە گەرەنتی بۆ ئارامیی جیهانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.''
(د. کاوە شاوڵی) گوتیشی: ''سەردانی ئەم دواییەی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئەورووپا زۆر شتی گۆڕی، بەتایبەت دەنگێک هەبوو کە باسی یەکپارچەییی عێراقی دەکرد، ئێستا دوای ئەو سەردانە وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی چاودێر بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، تا پرۆسەی ڕیفراندۆم بەباشی بەڕێوە بچێت.''
هاوکات (د. عومەر عەلی ئیسماعیل)، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوەی ئێستا کورد دەیکات بۆ دروستکردنی ئەم لۆبییە لە ئەمەریکا، بۆ نموونە، ئەو کۆنفرانسەی ئەمدوایییە، کە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرا، گرینگیی خۆی هەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کاربەدەستە کۆنەکانی ئەمەریکا بەشدار بوون، بۆچوونی ڕوونیان هەبوو لەسەر پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، جەختیان لەوە کردەوە، کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکە و بوونیان لەگەڵ هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا کاریگەریی باشی دەبێت. سەردانی پێشووتری (بارزانی) بۆ برۆکسڵ بە سەردانێکی گرینگ و تەواو دیپلۆماسی دادەنرێت، دەستکەوتی یەکجار زۆری بۆ کوردستانیش هەبوو، بەتایبەت بڕیاری ناردنی چاودێر بۆ کوردستان.''
(د. عومەر عەلی ئیسماعیل) ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەم دیپلۆماسییە زۆر باشە و بەتایبەت ئەو ناوەندانەی کاتی خۆی کوردستانیان دابەش کردووە، لەوێوە ئەو فکرانە بڵاو بکرێتەوە، بۆیە دەبێ کوردستان لۆبیی خۆی بەهێز بکات، لۆبیش بە بەلاش ناکرێت، هەوڵی زۆری دەوێت، گرینگە ئەم پانیڵانە کە بەم دواییە لە ئەمەریکا کرا، لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەش بکرێت، چونکە ئەوانیش کوردستانیان بە نوێنەری خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە.''
(د. عومەر عەلی ئیسماعیل) گوتیشێ: ''ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە دژی تیرۆرن، لە پرسی تیرۆردا زەرەرمەندیی یەکەم ئەوروپایە، دواتر ئەمەریکا، بۆیە هەر سیاسەتێک، یان دەسەڵاتێک دێتە سەرکار، ئەولەوییەتی یەکەمی، تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆر دەبێت، ئەوروپاش سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەوێت، سەقامیگری لە ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست، واتە سەقامیگری لە هەموو جیهان، ئەگەر وڵاتان ئاسایشی جیهان دابین بکەن، دەبێ سەرەتا ئاشایشی ڕۆژهەڵات دابین بکەن، بۆ ئەمەش زۆر پێویستیان بە کوردستان دەبێت.''
kdp-
