"ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سکاڵا لەسەر مالیکی و عەبادی تۆمار دەکات"

پارێزەری یاساییی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، بە ھۆی ئەوەی ماوەی ١٠ساڵە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، ماددەی ١٤٠یان جێبەجێ نەکردووە، ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری داوە سکاڵا لەسەر سەرۆکوەزیرانی ئێستا و پێشووی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکات.

لە دەستووری عێراقدا ماددەی١٤٠ ھاتووە، کە پێویستە چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، ئەمەش لە ڕێی سێ قۆناغەوە، ئەوانیش قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوە و ئەنجامدانی ڕاپرسی، بەڵام ئەوە ماوەی ١٠ ساڵ بەسەر ئەو ماددەیەدا تێپەر دەبێت و تا ئێستا حکوومەتی عێراق ھەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە نەناوە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری تۆمارکردنی سکاڵای لەسەر حکوومەتی عێراق داوە.

لەم بارەیەوە، (کاروان عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویست بوو پێش ١٠ ساڵ ماددەی ١٤٠، کە ماددەیەکی دەستوورییە جێبەجێ بکرێت، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەوکاتەوە تا ئێستا جێبەجێیان نەکردووە و ھەنگاویشیان بۆ نەناوە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری داوە، سکاڵا لەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، (نوری مالیکی) و سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق (حەیدەر عەبادی) تۆمار بکات.''

(کاروان عوسمان) گوتی: ''بڕیار وایە لە ڕێی سەندیکای پارێزەرانی کەرکووکەوە سکاڵاکە لە دادگای فیدراڵی تۆمار بکرێت، بۆ ئەومەبەستەش ئەوان ڕاسپێردراون، بەڵام تا ئێستا تۆماریان نەکردووە و لە ماوەیەکی نیزیکدا تۆمار دەکرێت.''

(کاروان عوسمان) گوتیشی: ''ھۆکاری تۆمارکردنی ئەو سکاڵایەش لەسەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستا بەبێ بیانوو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە.''

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەھۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی١٤٠ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە، ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش بگرێتەوە، کە بڕیارە ٢٥/٩ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

kdp-
Top