سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی کریستیان پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و تاکو ئێستاش ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆ گرتووە

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی کریستیان پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و تاکو ئێستاش ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆ گرتووە
سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی کریستیان پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و تاکو ئێستاش ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆ گرتووە

کۆمسیۆنی حکومەتی ئەمریکی بۆ ئازادی ئاینی نێودەڵەتی ((USCIRF راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "پوکانەوەی پێکهاتە ئاینییەکان لەژێر رۆژی کوردستان" بڵاوکردەوە. لەم راپۆرتەدا بە تێروتەسەلی باس لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کراوە و بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر بارودۆخیان بە باشتر و گونجاوتر بۆ ژیان وەسف دەکات و کوردستان بە پەناگەى زۆرینەى کریستیانەکان لە کلدو ئاشوری، ئێزیدی، شیعە، شەبەک، هەروەها زەردەشتى، سابئەى مەندائى و بەهائیەکانیش دادەنێت.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ڕه‌شنووسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان پێكهاته ئایین و نەتەوەییەکانی دانیشتووی هەرێم وه‌ك كه‌مایه‌تى وێنا نه‌كردووه.‌ له‌ مادده‌ى (5)ى ئه‌م ڕه‌شنووسه‌دا هاتووه‌ كه‌: "گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان". هەروەها لە ماددە (٧)ی رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان هاتووە کە پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلامی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان لەگەڵ مسۆگەر کردنی تەواوی مافی پەیڕەوانی ئایینەکانی وەک کریستیان و ئێزیدی و ئایینەکانی دیکە لە ئازادی بیروڕای ئایینی و ئەنجامدانی سرووتە ئایینیەکانی خۆیان، لەم روانگەوە هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بووە.

زێباری ئەوەشی روونیکردەوە کە هەر لەم روانگەیەوە لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان هەست بە ئاسوودەیى دەکەن تێیدا و لە هەرێمى کوردستاندا هیچ کەسێک لەسەر جیاوازى نەتەوەیى رووبەڕووى کێشە نەبووەتەوە. بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکات بەبێ رەچاوکردنی جیاوازی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی. ئەمەش وایکردووە کە هه‌رێمى كوردستان ببێتە‌ ماڵ و مه‌نزڵگاى پێکهاتە ئایینى، نه‌ته‌وه‌یی، كه‌لتورى، ئیتنیه‌ جیاوازه‌كان. حكومه‌تى هه‌رێم بە یەکسانی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو پێکهاتانە کردووە و هیچ نیاز و نیه‌تى جیاكاریكردنى نه‌بووه‌ دژ به‌م پێکهاتانە و ئه‌گه‌ر حاڵه‌تى جیاكاری یان پێشێلكاریەکیش هه‌بوبێت ئه‌وا حاڵه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وتێكى تاكه‌كه‌سیه‌، به‌رنامه‌ و پلان بۆ دارێژراو نه‌بووه‌ و سیاسه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم نه‌بووه‌.

سەبارەت بە ناوچە تازە ئازادکراوەکان زێباری وتی: له‌و ناوچانه‌ی كه‌ شه‌ڕی داعشی تێیدایه‌ روویداوە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازییەکان تێیدا دەژین، هه‌وڵی به‌ كورد كردنی کەمەنه‌ته‌وه‌كانی تر نەدراوه، چونکە هیچ گومانی تێدا نییە کە لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی کریستیان پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی کریستیان لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکراوە و تاکو ئێستاش ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ئەستۆ گرتووە.

زێباری باسی لەوە کرد کە کریستیانەکان رۆڵیان هەبووە لە دامودەزگاکانی هەرێم وەک هەموو پێکهاتە ئایینییەکان دیکە و لەم بارەوە وتی: لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کریستیانەکان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکان، راوێژ لەگەڵ حزبەکانی کریستیان و کەنیسەکانیش دەکرێ، هەروەها نوێنەرایەتی کریستیانەکان لە زۆربەی دامودەزگا حکومییەکان هەیە و پۆستی بەرز بە کەسایەتییەکانی کریستیان سپێردراوە. لەلایەکی دیکەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری کریستیانەکان مۆڵەت دراوە بە زیاتر لە (هەشت) کەنیسەی بیانی کە پێیان دەڵێن (Evangelical churches) کار بکەن لە کوردستان و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بەتایبەتی بە ئاوارەکان، جگە لەمە کریستیانەکان بەو پەڕی ئازادییەوە گشت بۆنە و ئاهەنگ و سرووتە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک، هەروەها جگە لە کریستیانەکان گشت پێکهاتە ئایینییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیرییان لێدەکرێت.

سەبارەت بە بواری پەروەردە سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی:‌ به‌ده‌یان قوتابخانه‌ به‌ زمانى كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ناو هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌یه‌. له‌ سیسته‌مى خوێندنى هه‌رێمى كوردستان ڕه‌چاوى خوێندن به‌زمانى كه‌مایه‌تییه‌كان كراوه‌، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به‌ زمانى سریانییە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ کریستیانی زۆرە‌ وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه‌، شه‌قڵاوه‌، كۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌كۆیه‌ هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ك حه‌مدانییه‌، به‌رته‌له‌، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش). به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تایبه‌ت به‌ خوێندنى سریانى له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌.

دیندار زێباری ئاماژەی بە گرنگیدانی کریستیانەکانی جیهان بە هەرێمی کوردستان کرد و لەم بارەوە وتی: وڵاتان هەمیشە بە رێزەوە دەرواننە پێگەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری گرنگیدان بە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان و لەم بارەوە وتی: رۆژی 27/9/2015 لە هەولێری پایتەخت و لە رێورەسمێکی ئایینی گەورەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری ڤاتیکان مەراسیمی گواستنەوەی کورسیی مەرجەعی ئاشوورییەکانی جیهان و ناوەندی کڵێسای رۆژهەڵات لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر ئەنجامدرا ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات کە هەرێمی کوردستان لانکەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە لە هەمان کاتدا بوونی ئەو ناوەندە ئایینییە لە هەرێمی کوردستان پێگەی هەرێم لە ئاستی جیهانی زیاتر بەرز دەکاتەوە و جاران کە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو ئەوا ئێستا بووەتە پایتەختی ئایینی زۆرێک لە کریستیانیەکانی جیهان، هەروەها کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی کە دڵگەرمی بە کریستیانیەکان ببەخشێت وڵاتی خۆیان خۆش بوێت و واز لە کۆچ بێنن.

زێباری ئەوەی خستە روو کە ئەم هەنگاوێکی مێژووییە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣وە بارەگای سەرەکیی پاتریاکی ئاشوورییەکانی جیهان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەزموونی حوکمڕانیی چەند ساڵی رابردووش ئەوەی سەلماندووە کە باشترین شوێنی پێکەوە ژیانی ئایین و نەتەوەکانە، ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق لە خراپترین دۆخی سیاسیی خۆیدایە و دڕندەترین هێزی دژە مرۆیی بەشێک لە عێراقی داگیر کردووە و کەوتۆتە گیانی پێکهاتە ئایینیەکان.

سەبارەت بە کێشەی زەوی برا کریستیانیەکان زێباری وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە جوتیاری بەرهەمهێن دەکات بەبێ رەچاو کردنی جیاوازی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەییەوە ئەمەش لە روانگەی پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی برا کریستیانیەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک رووبەروویان ببێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی برا کریستیانەکان کە لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا ژیاون وەک هەر هاووڵاتییەکی تر، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاری ئەم برا کریستیانانە پێکهێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتۆتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیاریان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات، بەڵام بەپێی ئەم پێشنیارە ژماریەک جوتیاری دیکە لە کریستیان و موسڵمانەکان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەکانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لەبەردەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، دیارە هەر مافێک بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە کات و رێوشوێنی ئیداری تایبەت هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئەم زەویانە.

لە کۆتاییدا دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: هەندێک کەس و لایەن هەوڵ دەدەن کە ئەو برایەتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لەکەدار بکەن بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی دەربارەی دەست بەسەردا گرتنی زەوی و زاری برا کریستیانەکانی دەشتی موسڵ و بە پێشێلکاری مافی مرۆڤی دەزانن کە بەرامبەر بە کریستیانەکان ئەنجام دەدرێت لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، لە کاتێکدا کە باس لەو قوربانیدانە زۆرەی هێزی پێشمەرگە ناکەن کە گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو پاراستن و رزگار کردنی ئەو ناوچانە کە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکانی کریستیان و پێکهاتە ئایینەکانی دیکەن، هەروەها دەیانەوێ ئەو پێشوازییەی کە لە کریستیانەکانی دەشتی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نادیدە بگرن، بەڵام کوردستان هەمیشە بە شوێنی پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینییەکان دەمینێتەوە لە ناوچەکە.










ئا. خليل بله يى
Top