فەرماندەیەکی پێشمەرگە: یەکێک لە بەھێزترین پایەکانی کوردستان بوونی ھێزی پێشمەرگەیە

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: یەکێک لە بەھێزترین پایەکانی کوردستان بوونی ھێزی پێشمەرگەیە
بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و فەرماندەی گشتیی میحوەری گوێڕ، باس لەوە دەکات کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبێ جیاوازی پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن و دەڵێت "پێشمەرگە خەباتی بۆ ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ کردووە.

قادر قادر، بەپرسی دەزگای ئەیلوول و فەرماندەی گشتیی محیوەری گوێڕ، رایگەیاند: "بەداخەوە کەسانێک ھەن کە دەیانەوێت لەدژی ریفراندۆم گومان لای خەڵک بڵاو بکەنەوە، لەکاتێکدا ئەمە پرسێکی گرنگ و نیشتمانییە، پێشمەرگە لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان گیانی بەخت کردووە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئەوەشی خستە روو: "دەیان دەسەڵاتی بەغدا ھاتن و چوون، ھیچ حسابێکیان بۆ کوردستان نەکرد، پارە و قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕی، ئێستا دەرفەتێکی مێژووی ھاتوەتەوە پێشەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، چۆن رێگا دەدەین ئەم دەرفەتەمان لەدەست بچێت".

بەرپرسی دەزگای ئەیلوول، جەختی لەوەش کردەوە: "یەکێک لە بەھێزترین پایەکانی دەوڵەتی کوردستان، بوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە بووەتە بنکە بۆ راوەستانی دەوڵەتی کوردستان و پارێزگاری لەو دەوڵەتە، بۆیە بەھەموومانەوە پشێوازی لە ریفراندۆم دەکەین".









باسنیوز
Top