بەرپرسێکی یەکێتی: نەمانتوانیوە فرە گوتاری لەناو یەکێتیدا کۆنتڕۆڵ بکەین
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "بەداخەوە نەمانتوانیوە تا ئێستا فرە گوتاری لەناو یەکێتیدا کۆنتڕۆڵ بکەین و ناکرێت ھەر کەسێک بۆ خۆی گوتار و قسەی و شت لە خۆیەوە بۆ میدیاکان باس بکات".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ڕاشی گەیاند: "دیارە ئەمەش سرووشتی یەکێتی بووە کە کاتی خۆی لە سێ رێکخرار پێکھاتبوو و دواتر بوونەوە بە یەکێتی، ئەو دەنگە ھەر ھەیە، بەڵام دەبێ گوتاری یەکێتی رێک بخرێتەوە و چاک بکرێتەوە، چونکە ھەندێک برادەر قسە دەکەن لە راستیدا حەق نییە بیکەن".
ئەحمەد قەدەفەری ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم فرە گوتارییە وای کردووە کە دەبێ مەکتەبی سیاسی دەست بکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان و ڕێکخستنەوەی گوتاری یەکێتی".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەر هەیە لەمەودوا لەناو یەکێتیدا هەوڵەکان بۆ یەکخستنی گوتاری ئەو حزبە چڕتر بکرێنەوە و لەمبارەیەشەوە چەند هەنگاوێک نراون. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ سێشەممە ١/٨/٢٠١٧، بە بڕیاری کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دوور دەخرێتەوە و تا ئەو کاتەشی کە کۆنگرەی یەکێتی دەکرێت، کۆسرەت ڕەسول دەسەڵاتەکانی جەلال تاڵەبانی دەبێت، ئەمەش بە بروای بەشێک لە چاودێران، سەرەتایەکە بۆ ئەوەی گوتاری یەکێتی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە پێشتر مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری کارکردنی بە بنەمای پاداشت و سزا بەرامبەر بە سەرکردە و کادیرانی حزبەکە دەرکردبوو.
باسنیوز
