سۆران عومەر لە وڵاتێکی ئەورووپی داوای ئیقامە دەکات

 سۆران عومەر لە وڵاتێکی ئەورووپی داوای ئیقامە دەکات
بەپیێ چەند سەرچاوەیەکی زانیاری، سۆران عومەر ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کە ھاوکات سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤیشە، داوای مافی مانەوە لە وڵاتێکی ئەورووپی دەکات و کارتی نیشتەجێبوونیش وەردەگرێت، ئامادەش نییە ئەم زانیارییانە نە ڕەت بکاتەوە و نە پشتڕاست.



بەپێی زانیارییەكان، لە سەرچاوەیەکی کورد لە پۆڵۆنیا دەستی کەوتووە، سۆران عومەر، لە ماوەی ڕابردوودا، سەردانی پۆڵۆنیای کردووە و لە ڕێگەی پارێزەرێکی پۆڵۆنییەوە کارتی نیشتەجێبوونی لەو وڵاتە وەرگرتووە.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە کارتی نیشتەجێبوونەکەی سۆران عومەر لە شاری (وارشۆ)ی پۆڵۆنیا بووە و جگە لە خۆی، خێزان و چەند منداڵێکیشی ئەو مافەیان پێ دراوە و بۆ ھەر یەکێکیش لە خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی، ھەزاران دۆلاری خەرج کردووە، جگە لە بڕە پارەیەک کە بە پارێزەر دەدرێ.



لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەک لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەوروپا ڕاگەیاند، بەھۆی ئەوەی ئێستا وەرگرتنی مافی پەنابەری بە شێوازی کۆن نەماوە و مافی پەنابەریی سیاسی بە زەحمەت وەردەگیرێت، ھەندێک خەڵک لەژێر ناوی وەبەرھێنان و پڕۆژەی ئابووری لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا، وەک (پۆڵۆنیا و ئیتاڵیا)، مافی پەنابەری وەردەگرن.



بۆ وەرگرتنی زانیاری، (باس) پەیوەندیی بە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤەوە کرد، بەڵام دوای ئەوەی زانیارییەکانی بۆ باس کرا، بە (باس)ی گوت: ”نە دەڵێم ڕاستە و نە ڕەتی دەکەمەوە، ھیچ قسەیەک لەسەر ئەوە ناکەم، ھەر زانیارییەکتان ھەیە بڵاوی بکەنەوە، من قسە بۆ (باس) ناکەم“.



ماوەیەکە زانیاریی بەردەوام لەبارەی حاڵەتەکانی داواکردنی مافی پەنابەری لەلایەن پەرلەمانتارانی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا بڵاو دەبێتەوە.



لەمبارەیەوە جەمال عەبدوڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاند: ”ھەر کەسێک ئەو کارە بکات، نابێ ئەندامی پەرلەمان بیکات، چونکە پەرلەمانتار بە خۆی دەڵێت نوێنەری خەڵکم و خەڵک دەنگی پێ داوە تا لەناو خاکی خۆیدا نوێنەرایەتیی خەڵک بکات، ئەویش بۆ چەند خاڵێکی وەک، (بۆ دەرکردنی یاسا، چاودێریی حکوومەت و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان و گەیاندنی دەنگی خەڵک بە حکوومەت)“.





ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە کاری سەرەکیی پەرلەمانتار مانەوەیە لە وڵاتی خۆیدا و ”پەرلەمانتار وەزیری دەرەوەی وڵات نییە و نابێت ئەو متمانەی خەڵک پێی داوە، بە شێوەیەکی دیکە بەکاری بھێنێت، کە بچێتە بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیەوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”پەرلەمانتار وەکیلی خەڵکە و بۆ ئەوە ھەڵنەبژێردراوە تا بچێ لەدەرەوە داوای مافی مانەوە بکا“.



ئەو نووسەرە ئاماژەشی بەوە کرد: ”ئەو پەرلەمانتارانەی ئەم کارە دەکەن، دەڵێن کە گوایە بەھۆی باسکردنی دۆسییەکانی گەندەڵییەوە ھەڕەشەیان لەسەرە، بەڵام ئەی ھەر ئەو پەرلەمانتارانە نەبوون کە بە ھەڵبژاردنی ئازاد بوونە پەرلەمانتار؟ ھەر ئەوان بە ئارەزووی خۆیان قسەیان لەسەر ھەموو بابەتەکانی کۆمەڵگە نەکردووە؟ پەرلەمانتار ھەیە ئێستاش باسی گەندەڵی لە حکوومەت دەکات، ئەی ئەوان بۆ ناڕۆن؟ بۆ نموونە فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژانە دوو باوەش دۆسیەی گەندەڵیی بەدەستەوەیە، ئەگەر وابێت دەبێ ئەو بڕوات. یان حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کە بە ژمارە و بە کردار ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە، ئەگەر بەوە بێت، دەبێ حاکم ئەحمەد بچێ لەدەرەوە داوای مافی مانەوە بکات“.


باسنيوز






Top