سەعدی پیرە: ھێشتا رۆژی سەردانیکردنی ئەندامانی شاندی ریفراندۆم بۆ بەغدا دیاری نەکراوە
ئەندامێکی مەکتەب سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت کە ھەڵوێستی بەغدا لەگەڵ ھەموو بەرپرسانی کورد خراپ نییە و باشە، چونکە ئەزموونی ئێمە وەک شاندەکانی ھەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکاندا ھەمیشە بابەتی و کراوە بووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، دەسەڵاتی تەواو بە بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی درا، کە ئەندامانی شاندی ڕیفراندۆم دیاری بکەن، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا و وڵاتانی دیکە بکەن، بەڵام ھێشتا ھیچ ڕۆژێک بۆ سەردانەکان دیاری نەکراوە، چونکە ھێشتا ئەندامەکان دیاری نەکراون، بۆیە بەم نزیکانە کارەکان تەواو دەکرێت و سەردانی بەغداش دەکەن".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی، ئەوەشی خستە روو: "ھەڵوێستی بەغدا لەگەڵ ھەموو بەرپرسانی کورد باشە، بەڵام کاتێک بەغدا سەردانی دەرەوە دەکات، ھەڵوێستیان توند دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەزموونی شاندەکانی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ بەغدا و گفتوگۆکردندا بابەتی و کراوە بووە".
ڕۆژی 30/7/2017 شاندی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پیرمام کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، بڕیار درا لە ماوە دوو ھەفتەدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.
bas news-
