عەدالەت عومەر: لە ٢٠١٤ـش جینۆساید کراینەوە.. تا سەربەخۆ نەبین، دەبێت چاوەڕێی لەوە باشتر نەکەین

 	 عەدالەت عومەر: لە ٢٠١٤ـش جینۆساید کراینەوە.. تا سەربەخۆ نەبین، دەبێت چاوەڕێی لەوە باشتر نەکەین
نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆسایدی کوردستان، دەڵێ، ئێستا دەرفەتێکی لەبار بۆ ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە پێش تا سەربەخۆ بین و جیا ببینەوە لەو ئێراقەی لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، ئێمەی ڕووبەڕووی تۆقاندن و ئەنفال و کیمیاباران و لەناوبردن و کردووەتەوە.

ئەمڕۆ (٣٤)ـەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکانە کە بە (جینۆسایدی رەگەزی ناسراوە).
لەم یادەدا نووسەر و لیکۆڵەری بواری جینۆسایدی کوردستان، (عەدالەت عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو مانگێک ڕۆژێکی تێدایە یادی نەھامەتییەک و تاوانێکی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە دەکەینەوە، کە دەرھەق بە ھاونیشتیمانیمان کراوە. دڵخۆش بووین گوتمان ڕژێم لەناو چوو، حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی ئێراق کۆتایی پێھات، بەڵام جارێکی تر بە ناوێکی تر و شێوازێکی تر، دووبارە لە ٢٠١٤ خوشک و برایانی کوردانی ئێزدییان جینۆساید کردەوە، بۆیە تا ھاوبەشی لەگەڵ ئێراق بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕێی لەوە باشتر نەکەین. زۆر گرینگە و دەبێ لە پێناو سەربەخۆییدا ھەموو ھەوڵێک بدەین و وەڵامی دووژمانمان بە سەربەخۆیی بدەینەوە."
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس، لە کۆتاییەکانی تەممووز ‌و سەرەتای ئابی ساڵی ١٩٨٣ـدا، ھێزێکی گەورە و بەشێوەیەکی زۆر نھێنی پێک‌ھێنرا؛ ئەو هێزە گەمارۆی ئەو کۆمەڵگا زۆرەملێیانەی دا کە بارزانییەکان تییدا نیشتەجێ‌بوون و بە سێ قۆناغ پڕۆسەی ئەنفال جێبەجێ کرا:
قۆناغی یەکەم:٣١\٧\١٩٨٣کۆکردنەوەی بارزانییەکانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو کۆمەڵگای زۆرملێ، قودس و قادسیە کە لە دەوروبەری پارێزگای ھەولێر.
قۆناغی دووەم:١٠\٨\١٩٨٣ کۆکردنەوەی بارزانییەکانی دانیشتووی کۆمەڵگای حەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە و کۆمەڵگای دیانا سەر بە ناوچەی ڕەواندز و کۆمەڵگای بەحرکە سەر بە پارێزگای ھەولێر و، لادێکانی مێرگەسۆر سەر بە ناوچەی زێبار.
قۆناغی سێیەم: ١\١٠\١٩٨٣جارێکی تر بە شێوەیەک چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران، لەم سێ قۆناغەدا (۸٠٠٠) کوڕ و پیاوی بارزانی دەستگیر و بێسەروشوێن کران و، چارەنووسی بەشێکیان لەناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان دۆزرایەوە .

(عەدالەت عومەر) لە یادی ئەم ڕۆژە شوومانەدا، کە هەشتهەزار کوردی تێدا ئەنفال کرا، دەڵێ "وڵاتی ئیسرائیل ھاوشێوەی کوردستان بە کەیسێکی جینۆسایدی (ھۆلۆکۆست)، دوای پێنج ساڵ سەربەخۆییی خۆی وەرگرت و دەوڵەتی خۆیان دامەزراند، کەچی پاش تێپەڕبوونی دەیان ساڵ ئەو هەموو پڕۆسەی جینۆسایدەی بەسەر کوردستانیاندا هاتووە، ئەنفال، کیمیاباران کۆمەڵکوژی و وێرانکارییەکان، ھێشتا سەربەخۆبوونمان پێ ڕەوا نابینن و مامەڵمان دەبێت لەگەڵ دوژمنانمان بێت. بۆیە ئێستا کاتی سەربەخۆییە و درەنگیشە، کاتی کێشەی ناوخۆییمان نییە، پێویستە یەکدەنگ بین بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئەو ئەنفال و ئەو کۆمەڵە شەھیدانەی تا ئێستا لە پێناو ئاسایش و سەربەخۆیی داومانە."
kdp-
Top