کوردانی ئەورووپا کەرنەڤاڵی سەرخستنی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەبەن
رۆژی ٧ی حوزەیران، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھێز و لایەنە کوردستانییەکاندا بڕیار درا کە لە ٢٥ مانگی ٩ ی ئەمساڵدا ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ و ئیدی کوردستان چارەنووسی خۆی دیاری دەکات.
لەگەڵ ئەوەی کە کوردستانییان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکەن، هاوکات کوردانی تاراوگەیش لە ئێستاوە دەیانەوێ دەستبکەن بە چالاکی و کەرنەڤاڵ بۆ پێشوازی کردن لەو رۆژەدا و دیاری کردنی چارەنووسی کوردستان.
(عەبدولقەھار ھەولێری)، بەرپرسی ڕێکخراوی ئەمستردامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە ڕۆژی ٢٦ی ئاب لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کوردانی ئەورووپا کەرنەڤاڵی پشتگیری بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بەڕێوە ببەن و تێیدا زۆربەی کوردانی ئەورووپا بەشدار دەبن، چونکە ئێمە ڕۆژانە پەیوەندیمان ھەیە لەگەڵ ھەڤاڵان و ھاووڵاتییانی کوردستانی لە تاراوگە و ھەموویان بەبێ جیاوازیی حزبی و نەتەوەیی و ئایینی پشتگیریی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەن.''
کوردانی تاراوگە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە. ئێستا ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا و ئەمەریکا و ھەموو جیھان کەوتوونەتە خۆئامادەکردن بۆ بەشداری و سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان و وەک لۆبییەکیش نیشانی وڵاتانی دەدەن کە کورد لە ریفراندۆمدا دەنگی بەڵێ دەبێ و پێویستە وڵاتانیش پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن.
(ھەولێری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''کوردستانیانی پێکھاتەکانی دیکەی ئەورووپا بەڵێنیان داوە لە پرسی ڕیفڕاندۆمدا یەکدەنگ بن و ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی بدەن، ئێستا کار بۆ چۆنییەتیی بەشداریکردنیان دەکرێت لەو پڕۆسە نیشتمانییەدا، بەڵام ھێشتا ڕوون نییە بەشدارییان لە ڕیفڕاندۆمدا لە ڕێی کردنەوەی بنکەی دەنگدانەوە دەبێت، یان بە شێوەی ئۆنلاین.''
لە ساڵی ١٩٢١دا دوای جەنگی یەکەمی جیھانی، دەوڵەتی عێراق دامەزرا و باشووری کوردستان بەبێ خواستی خەڵکەکەی و بەزۆر بەو دەوڵەتەوە لکێندرا، لەو ڕۆژەوە کوردستانیان خەبات بۆ سەربەخۆیی و دەربازبوون لە حوکمی دیکتاتۆریی عێراق دەکەن و لەوپێناوەدا سەدان ھەزار قوربانییان داوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: ''ھەتا کوردانی ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش زۆر خۆشحاڵن بە پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، ھەرچەندە مافی دەنگدانیان بۆ ڕیفڕاندۆم نییە، بەڵام ئامادەییی خۆیان پێشان داوە بۆ ھەر ھاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
