خانوو بۆ کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دروست دەکرێت
ھەرێمی کوردستان بووەتە شوێنی لەخۆگرتنی پێکھاتە و ئایینە جیاوازەکانی عێراق و جگە لە ھەرێمی کوردستان، پێکھاتەکانی عێراق لە کاتی ھەبوونی ھەڕەشەدا ھیچ شوێنێکیان نییە پەنای بۆ ببەن.
(کەمال یەلدا)، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەک وڵات و ڕێکخراوی بیانی بەڵینی ئەوەیان بە ئاوارە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا داوە، خانووی نوێیان بۆ دروست بکەن، بەڵام ھێشتا دیار نییە ژمارەی خانووەکان چەندن و وا خەریکە پڕۆژەکە دەست پێ دەکات و دروستکردنی ٢٠٠ خانوو کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بە پێی شوێن و خاپووریی خانووەکان کاریان لەسەر دەکرێت، ئەوەش پاڵپشتییەکی باشە بۆ ئاوارە کریستیانەکان تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.''
لەکاتی ھێرشی داعشدا بۆ سەر نەینەوا، ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار کریستیانی مووسڵ و دەشتی نەینەوا ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و لە ژمارەیەک کەمپدا نیشتەجێ کران.
(یەلدا) گوتیشی: ''زیاتر لە ٩٥%ی دەشتی نەینەوا لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە وێران کراوە، ٣٠%ی خانووی ھاووڵاتییان بە یەکجاری سووتێندراون و تێکدراون، زیاتر لە نیوەشیان ھی ئەوە نین بۆ نیشتەجێبوون بەکار بێن، لەبەر ئەوە، پێویستیان بە چاککردنەوە و خانووی نوێ ھەیە، ئەوانەیشی توزێک بەسەریەکەوە ماون، بۆیان نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە دەشتی نەینەوا کێشەی ئەمنی دەبینین، واتە دەبێ گەرەنتی بدرێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.''
kdp-
