دایکی شەھیدان: تەنیا سەربەخۆیی زامنی خوێنی شەهیدانە
ڕۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2014، ھەر سێ برای پێشمەرگە (ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان و مەولود عوسمان)، کوڕانی دایکە (عائیشە تەھا عوسمان)، لەدایکبووی 1926، لە سنووری میحوەری زوممار لە کاتی بەرگریکردن لە کوردستان، شەھید بوون، ڕۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2014، (سەرۆک بارزانی)، نازناوی (دایکی شەھیدان)ی بە دایکە (عائیشە) بەخشی. (عائیشە تەھا عوسمان)، کە ناسراوە بە ''دایکی شەهیدان''، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''داوا لە حزب و لایەنە کوردستانییەکان دەکەم، کە ھەموو ڕق و کینەکانیان وەڵا بنێن و دەست لەناو دەست، لەپێناو ئامانجە گەورەکەماندا ھەنگاو بنێن، ئەویش ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستانە، ئیستاش تاکە شت، کە زامنی خوێنی شەهیدانە یەکڕیزیی ناوماڵی کوردستان و سەربەخۆییی کوردستانە.''
دایکی شەهیدان ئەوەیشی خستەڕوو: ''زۆر گرینگە لەم قۆناغەی کوردستاندا هەموو لایەک دەست لەناو دەستی یەک بنێن، بۆ ئەوەی کوردستان بگاتە کەناری ئارامی و بڕیاری یەکجاری دەربارەی سەربەخۆییی کوردستان بدرێت، چونکە خەباتی ئێمە و خانەوادەی شەهیدانی دیکەی کوردستان لە پێناوی ئەوە بووە کە گەلەکەمان لە سایەی ئازادی و سەربەخۆییدا بژی.''
kdp-
