نیعمەت عەبدوڵڵا: ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان

 نیعمەت عەبدوڵڵا: ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێت، ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ مەرجی نییە و ھەنگاوی باشی ناوە و پێویستە گۆڕانیش بە ھەمان شێوە ھەنگاو بۆ ئەو پرسە بنێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ھیچ مەرجێکی پێش وەختەی نییە و داواشی لە گۆڕان کردووە پێکەوە دانیشتنی دووقۆڵی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکان چارە بکەن و ئێستا چاوەرێی وەڵامی گۆڕان دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو دانیشتنە ئەنجام بدرێت، لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمیشدا بڕیاری ئەوە درا، کە پێویستە تاوەکو ١٠ ڕۆژی دیکە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، لەمبارەیەوەش سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان دەڵێت، ئێستا ھیچ بەربەستێک لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەماندا نەماوە و پێویستە گۆڕانیش ھەنگاو بنێت.

(نعیمەت عەبدوڵڵا)، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو ھەنگاوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان ھاویشتوویەتی و بڕیاری دوێنێی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، کە لە ماوەی دووحەفتە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، زۆر گرینگ و ئەرێنییە و پارتی دیموکراتی کوردستان زور جددیە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دۆخی ھەرێمی کوردستانیش ئاسایی بێتەوە و مژدەی خۆشی بدرێتە خەڵکی کوردستان.''

پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا چەندین دەستپێشخەریی کردووە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە، (نیعمەت عەبدوڵڵا) لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە: ''ئێستا ھەنگاوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر باشن و ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بۆیە پێویستە گۆڕانیش ئەمە بە جددی لەبەرچاو بگرێت و بێتە پێشەوە و گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.''

بەردەوام چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن، کە دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد ھاتووەتە پێش بۆ سەربەخۆیی و پێویستە لەدەست خۆیانی نەدەن و ئەگەر وا نەبێت ئەستەمە تا١٠٠ ساڵی دیکە بۆیان دووبارە بێتەوە، لەمبارەیەوە (عەبدوڵڵا) گوتی: ''ناوچەکە لەبەردەم گۆرانکاریدایە و دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کورد ھاتووەتە پێش و پێویستە یەکدەنگ وتەبا بین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و لەدەست خۆمانی نەدەین، چونکە ئەم جۆرە دەرفەتانە بۆ کورد دووبارە نابنەوە.''

(عەبدوڵڵا) باسی لەوەش کرد: ''پێویستە گفتوگۆ بکرێت بۆ چارەکردنی کێشەکان و ھەموو لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا سازش بۆ یەکتری بکەن، چونکە ئەو پرسانە بە گفتوگۆ نەبێت چارە نابن و وەکو خۆیان دەمینێننەوە و ئەمەش لە بەرژوەندیی گشتیدا نییە، بۆیە ئەوەی ئێستا ھەیە کەشێکی باشە و ھیچ بەربەستێک نەماوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.''

بڕیارە ٢٥/٩ی ئەمساڵ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن ئامادەکاریی کردووە.
kdp-
Top