ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: تەواوی سلێمانی بەکامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ دەکرێت

 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: تەواوی سلێمانی بەکامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ دەکرێت
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە سبەی سێشەممە، ئەنجومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە و ئەجێندای کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بەڕێکخستن، دانان ‌و بەکارھێنانی کامێرای چاودێری لەسنووری پارێزگای سلێمانی و ھەردوو ئیدارەی گەرمیان ‌و ڕاپەڕین.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "ڕۆژی سێ شەممە 1/8/2017 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و کارنامەی کۆبوونەوەکەش بریتی دەبێت لە پڕۆژەی ڕێکخستن، دانان ‌و بەکارھێنانی کامێرای چاودێری، بۆ پارێزگای سلێمانی ‌و ئیدارەکانی ڕاپەڕین ‌و گەرمیان".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا ئەو بڕیارە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بێگومان دەمانەوێت تەواوی پارێزگای سلێمانی بەکامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆئەوەی سەروماڵی ھاوڵاتیان پارێزراو بێت".

ئاشکراشی کرد: "سەرەتا کامێرای چاودێری لە پارکەکان، بانکەکان، شوێنی ئاڵوگۆڕکردنی دراو، زەڕەنگەرەکان، دایانگەکان، شوێنی یاری منداڵان، چێشتخانە میللییەکانی ناوبازاڕ، قوتابخانەکان و سۆپەرمارکێتەکان دادەنرێت، دواتر ئێمە ئەو سیستەمە فراوان دەکەین، بەجۆرێک تەواوی پارێزگای سلێمانی بەکامێرای چاودێری کۆنتڕۆڵ دەکەین".

سەرۆک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی،گوتیشی: "ئێمە بڕیارەکە ئاڕاستەی قایمقامیەت دەکەین، دواتر قایمقامیەتی سلێمانی ھەڵدەستێ بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە، ھەرواھا شوێنە ناحکوومییەکان دەبێ لەسەر میلاکی خۆیان کامێرای چاودێری دابنێن".











باسنیوز
Top