گۆڕان: لە ئاستێکی باڵا پێشوازی لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەکەین
ئەمین بەکر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەکەیە، ڕاگەیاند: ”چاوەڕوان دەکرێت لەکاتێکی نزیکدا گۆڕان و پارتی کۆببنەوە، وادەی کۆبوونەوەکەش بۆ شاندی پارتی دەگەڕێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر پارتی بە شاندێکی باڵا سەردانی گۆڕان بکات، ئەوا ”بەپێی عورفی دیپلۆماسی، شاندی گۆڕانیش لەئاستێکی باڵا دەبێت، چونکە ھەندێک پرس پێویستی بە یەکلاکردنەوە ھەیە".
دەبارەی کەشی کۆبوونەوەکان، ئەمین بەکر ڕوون کردەوە: "کەشی کۆبوونەوەکان لەسەر یەک شت دەوەستێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە تاچەند پارتی داواکانی بزووتنەوەی گۆڕان جێبەجێ دەکات؟ ئەگەر ئەوە بکرێت، دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت و دواجار دۆخی سیاسیش ئاسایی دەبێتەوە، بەپێچەوانەشەوە دەرئەنجامی نابێت".
ئەوەشی نەشاردەوە کە گۆڕان لەسەر زۆر پرس لەگەڵ پارتی گفتوگۆ دەکات، بە تایبەتیش پرسی پەرلەمان و ”بژێویی خەڵک“.
ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان لەبارەی ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم لەلایەن بزووتنەوەکەیەوە ڕای گەیاند: ”گۆڕان ڕەتی نەکردووەتەوە، بەڵام دواجار جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی دەبێت لەمبارەیەوە بڕیار بدەن“.
ھاوکات د.سەیوان فەرەج، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، ئەگەر کۆبوونەوەکەی پارتی و گۆڕان ”بۆ چارەسەری کێشەکان بێت“، ئەوا ”دەرئەنجامی باشی دەبێت“. گوتیشی: ”کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان بۆ چارەسەر گرفتەکان زۆر باش دەبێت، بەمەرجێک گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی سیاسی هەبێت".
پێشتر شاندێکی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئەدهەم بارزانی، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی کرد و پیرۆزبایی دانانی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە و خانەی ڕاپەڕاندنی بە عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان گەیاند. بەو هۆیەوە چاودێران باسیان لەوە کرد کە ئەم سەردانە سەرەتایەکە بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان پارتی و گۆڕان.
باسنیوز
