لەسنووری شەقڵاوە و سۆران سەدان مین و تەقەمەنی لەناو بردران
زێبار خالید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2017 راگەیاند: "لە بەردەوامی ھەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بۆ پاککردنەوەی ناوچە مینرێژکراوەکان و پاراستنی گیانی ھاووڵاتییانی لە مەترسییەکانی مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، سێ کێلگە مین، بە رووبەری زیاتر لە 345 ھەزار م2 لە سنووری شارۆچکەکانی شەقڵاوە و سۆران، دوایی پاککردنەوەیان لە مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، لەلایەن لیژنەی رادەستکردنەوەی کێڵگەمینە پاککراوەکان (بەڵگەنامەی پاککردنەوی زەوییەکان)، ڕادەستی خاوەنەکانیان کرانەوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "پاککردنەوەی ئەو کێلگە مینانە بایەخ و گرنگی خۆی بۆ ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ھەیە".
گوتیشی: "بە لەناوبردنی سەدان مین و پارچە تەقەمەنی نەتەقاوە لەو کێڵگە مینانە، لەئێستا ھاووڵاتییان دەتوانن بە سەلامەتی بە کاریان بھێنن و سوود لە زەوییەکانیان وەر بگرن".
bas news-
