ھەولێر.. بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق ڕاکردنێکی نێودەوڵەتی بۆ منداڵان ئەنجام درا
لە گوتەیەکدا بەم بۆنەیەوە نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر رای گەیاند: "جێگەی دەستخۆشییە کە رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، بۆ وەرزش و ئاشتی توانی سەرکەوتووانە ئەم جۆرە چالاکییانە لە ھەولێر ئەنجام بدات، بەھیوای سەرکەوتنی زیاتر لە بەرژەوەندی رۆڵە ئازیزەکانمان".
عەبدولستار عیسمەت، سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، بۆ وەرزش و ئاشتی، رای گەیاند: "خۆشبەختانە زیاتر لە ھەزار منداڵ لە ھەردوو ڕەگەز بەشدارییان لەم راکردنەدا کرد، کە لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی دابوو، منداڵانی تەمەن لە نێوان 6- 13 ساڵ لە دوو ئاستی جیادا، بەشداریان کرد، سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە ھاوکارییان کردین".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "براوەکان خەڵاتی شایستە، بڕوانامە و مەدالیای سەرکەوتنیان وەرگرت، سەرجەم بەشداربووانیش مەدالیای بەشداربوونی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیان پێ درا".
سەرۆکی رێکخراوی ئەربیل ماراسۆن، بۆ وەرزش و ئاشتی، گوتیشی: "لەم راکردنەدا ھەموو ئازیزانمان براوە بوون، چونکە مەبەستی سەرەکیمان ھێنانە کایەی ئایندەیەکی گەشە بۆ سەرجەم منداڵانی کوردستان، ھەر لەم ھەوڵ کۆششانەشمان بەردەوام دەبین".
bas news-
