"كوردستان وڵاتێكی گرینگی ئابووری و وزەیە.. ئەمەریكا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتی پێ دەبەستن"
كۆنفڕانسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمی كوردستان، كە پێرێ هەینی لەنێو كۆنگرێسی ئەمەریكادا بەڕێوە چوو، چەند پەیامێكی گرینگی گەیاند، شارەزایانی بواری سیاسییش بە بایەخەوە لە كۆنفڕانسەكە دەڕوانن و دەڵێن، ئەمەریكا و ئەورووپا لەگەڵ ئەنجامی ڕیفراندۆمدا مامەڵە دەكەن و پشتگیریی بەهێزیش لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
(د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەكان و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "كۆنفرانسی سەربەخۆیی و ریفراندۆمی كوردستان كە هەینیی ڕابردوو لە نێو كۆنگرێسی ئەمەریكا بەڕێوە چوو، چەند پەیامێكی زۆر گرینگی تێدا بوو و پێویست بوو بگات بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەوانە یەكەمیان؛ كوردستان وڵاتێكە دەتوانێت ببێت بە دەوڵەتێكی كارا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پەیامی دووەمیش ئەوەیە كە؛ گەڵی كوردستان مافی خۆیەتی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە وەكو هەر گەلێكی تر چارەنووسی خۆی دیاری بكات، پەیامی سێیەمیش ئەوەیە كە عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووە، بڕیاری سیاسی لە تارانە و شیعەكان بەڕێوەی دەبەن و مافی كورد و پێهاتەكانی تر نادەن".
لە پانێڵەکەدا (مەسروور بارزانی) بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند "لە دوای 2003 هەموو شتیکمان تاقی کردەوە لە عێراق، هەوڵمان دا کە حکوومەتێکی تەوافقی دیموکراسی لە عێراقدا دروست بکەین و، ئەوانەی کە لە ئێستا لە عێراق حوکم دەکەن زۆریان لەلایەن ئێمە لە پێشوودا پاڵپشتی دەکران کەچی ئێستا دژی هەرێمی کوردستان دەجووڵێنەوە."
(مەسروور بارزانی) لە باسی ریفراندۆمدا بۆ ئامادەبووان و رای گشتیی ئەمەریکا روونی کردەوە، ئێمە دەڵێن ئەوە دەرفەتێکە کە یەکسانی بەدەستبێنین کە مافێک مومارەسە بکەین، وەک ئەوەی کە تەواوی گەلان هەیانە تەنیا دەمانەوێ هاوشێوەی نەتەوەکانی دیکە مامەڵە بکەین."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئیمە جێگەی ئەوەین کە ئەمەریکا پشتمان پێببەستێ..."
لەبەر ڕۆشنایی ئەم گوتارەدا (د.خەسرۆ) دەشڵێت، "لە یەكێك لە بڕگەكانی پانێڵەكەدا نیشان درا كە، ئەمەریكا دەبێ پشتگیریی سەربازیی زیاتر لە هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها كوردستان بۆ وزە و ئابووری گرینگە و ئەمەریكا دەبێ پشتی پێ ببەستێ".
kdp-
