برماغ: کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێ لە خزمەتی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بێت

 	 برماغ: کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبێ لە خزمەتی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بێت
- ئەندامێکی شاندی باڵای ڕیفراندۆم، (كەرخی ئاڵتی برماغ)، باس لە کۆوبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی باڵاڕی ریفراندۆم دەکات و دەڵێت، سەرجەمیان بەپەرۆش بوون بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەکان وەلا بنرێن و پرسی ڕیفراندۆم بکرێتە چارەی گرفتەکان.

ئەمڕۆ، یەکشەممە، ٣٠ی٧ی٢٠١٧ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پیرمام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کۆ بووەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، (کەرخی ئاڵتی برماغ)، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتیی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرسی ڕیفراندۆم بە ئاراستەی ئیجابیدا دەڕوات، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کرا، کە لە ماوەی دوو حەفتە یان کەمتریشدا کاروبارەکان بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێن، بەتایبەت لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کەشێکی لەبار بۆ گفتوگۆی سیاسی دروست بکرێت، لەوانەش گفتوگۆی بزووتنەوە گۆڕان و پارتی و هیچ ئاستەنگێک نەماوە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارا ببێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک مەرجی هەبێت.''

(كەرخی ئاڵتی برماغ) ئەوەشی خستەڕوو: ''لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆم پرسێکی زۆر گرینگە و پەیوەستە بە هەموو تاکێکی کوردستانەوە و پەرلەمانیش نوێنەری خەڵکی کوردستانە، دەبێ پەرلەمان لە پێناو خزمەتکردنی هەموو پرسە چارەنووسسازەکاندا بکەوێتەوە کار، بەتایبەت ڕیفراندۆم و، باسی ئەوە کرا کە دەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی ئەو پرۆسەیەدا بێت.''

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دا لە ماوەی دوو حەفتەدا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات، بۆ چاری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم. (کەرخی ئاڵتی برماغ) لەو بارەوە دەڵێت: ''زۆر گرینگە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم بکەن و بڕیارە پەرلەمان دەست بە کاروباری ئاساییی خۆی بکاتەوە، لە ناویاندا پرسی ڕیفراندۆم، کە گرینگە هێزە سیاسییەکان پێشوەختە لەم بارەوە ڕێککەوتنیان هەبێت.''

تا ئێستا چوار کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کراوە، لە سەرجەمی کۆوبونەوەکاندا بڕیاری گرینگ دراوە، یەکێک لە بڕیارەکانی دواکۆوبونەوەی ئەنجومەنەکە ئەوەیە، کە ئەم پرسە دەبێ وەک خۆی سەیری بکرێت و دەسەڵاتەکان کار بکەن بۆ دیاریکردنی لیژنە فەرعییەکان و دروستکردنی شاندێک بۆ بەغدا.

(کەرخی ئاڵتی برماغ) ئەوەشی خستەڕوو: ''لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە دیاریکردنی شاندەکان، ئەو شاندانە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمەوە پێک دەهێنرێن، ئەگەر پێویست بکات بە پێی یاسا بێت، ئەوە لە پەرلەمانەوە ئەوانیش چارە دەکرێن.''

(كەرخی ئاڵتی برماغ) گوتیشێ: ''لە ئایندەیەکی نیزیکدا پارتی و گۆڕان کۆ دەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە یەکلاکەرەوە بێت، لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە.''

هاوکات (د. هیوا حاتەم عەلی)، یاساناس و چاودێری سیاسی لەو بارەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم کۆبوونەوەیەدا باسی لێوە کرا و ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ڕیفراندۆم لە ڕووی یاساییشەوە ئەگەر لە پەرلەمان نەبێت، گرفتی نییە، بەڵام کە ئێستا بریاری ئەوە دراوە لە پەرلەمانەوە ئەوە چارە بکرێت، گرفت نییە، گرفت ئەوەیە کە لایەنەکان نەیەنە پێشەوە، چونکە ئەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت، ئەوا ئاستەمە لە پەرلەمان پرۆژەکان دەنگیان لەسەر بدرێت، لەهەمان کاتدا دەبێ ئەم پرسانە لە پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، دەنگیان پێ بدرێت، بۆ ئەمەش دەبێ ڕێککەتنی سیاسیی هەبێت.''

(د. هیوا حاتەم عەلی) گوتیشی: ''یەکێکی دیکە لە پرسە گرینگەکان ئەوەیە کە لایەنەکان بەپەرۆش بوون بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، واتە بڕیاری جددی دراوە بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو حەفتەدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەم بڕیارە سنووری حزبەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە ڕیفراندۆم بووەتە مایەی کۆکردنەوە و یەکگوتاریی دەنگە جیاوازەکان.''
kdp-
Top