میر داسن فاروق بەگ: ڕیفراندۆم لالش و شنگال پێکەوە دەبەستێت
زۆربەی هەرەزۆری ناوچە ئێزدییەکان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. ڕیفراندۆم چ گرینگییەکی بۆ ئێزدییان دەبێت؟ سەبارەت بەم پرسە، (میر داسن فاروق بەگ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەنگدانی کوردانی ئێزدی بە ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی پێکەوەبەستنی لالش و شنگال، پێویستە کات بەفیرۆ نەدرێت و هیچ ڕێگرییەک نەکەوێتە پیش ئەم پرۆسەیەوە، گرینگە بۆ ئەوەی ناوچەکانمان بگەڕێنەوە باوەشی هەرێم، چونکە زیاتر لە ٩٠%ی ناوچەکانمان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە.''
پێشتر و لە یادی ڕابردووی کارەساتی کوردانی ئێزدیدا لە شنگال، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند: ''ئەوانەی دەستیان لە ڕفاندنی کچان و دایکانی کوردانی ئێزدیدا هەبوو، لە هەر جێیەکی دنیا بن، ئێمە لێیان خۆش نابین و دەبێ بە ڕێی یاساییدا بە سزای خۆیان بگەن.'' (سەرۆک بارزانی) ئەوەیشی دیار کردبوو: ''دەبێ ئێزدییان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، مافی هیچ لایەن و هێزێک نییە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئێزدییان بدات و خۆی بسەپێنیت بە سەر ئێزدییاندا.''
(میر داسن فارۆق بەگ) ئەوەیشی خستەڕوو: ''ڕێژەی دەنگدان بە ''بەڵێ'' لە ناوچە ئێزدییەکاندا زۆر دەبێت، چونکە ئێزدییان ناتوانن لەگەڵ ئەو عەرەبانە بژین، کە دەستیان هەبوو لە تاوانی داعشدا و کوردانی ئێزدی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ٢٥ی ئەیلوولن، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەن و ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم، واتە گەڕانەوەی خاکی ئێزدییان بۆ باوەشی کوردستان و پاراستنی ئێزدییان و نەمانی کارەسات بەسەر کوردانی ئێزدیدا.''
kdp-
