دایکی شەھیدان داوای سەربەخۆبوون و یەکڕێزی حزب و لایەنەکان دەکات

 دایکی شەھیدان داوای سەربەخۆبوون و یەکڕێزی حزب و لایەنەکان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە، دایکی شەھیدان، لەسەردانێکیدا بۆ مۆزەخانەی شەھیدانی سۆران، داواکاربوو لەحزب و لایەنە کوردییەکان کرد، کە ھەموو رق و کینەکانیان وەلابنێن و دەست لەناو دەستبن، لەپێناو راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان.

عائیشە تەھا عوسمان، کە نازناوی دایکی شەھیدانی پێدراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2017 رایگەیاند: "بەمەبەستی بینینی وێنە و کەلوپەلی شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش، سەردانی مۆزەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆرانم کرد، بینینی ئەو دیمەنانە و بیرەوەرییەکانی شەھیدان تاساندمی، مەگەر تەنھا سەربەخۆیی کوردستان ساڕێژی زامەکانمان بکات، ئەگەرنا ھیچ شتێکی ناگات بە دڵۆپە خوێنێکی ئەو رۆڵە شەھیدانەمان کە لەپێناو کوردستان رشتوویانە".

دایکی شەھیدان، ئەوەشی خستە ڕوو: "ھەر لەو سەردانەمدا ویستم رێز لەکچە پێشمەرگە شادی محیەدین ھەرکی بنیم، کە توانیویەتی میژووێکی پڕ سەروەری بۆخۆی تۆمار بکات، بەو تەمەنە بچووکە و ئەو کارە گەورەیە، کە ئەویشیان کردنەوەی مۆزەخانەی بیرەوەرییەکانی شەھیدانە، ھەروەھا دەستخۆشیش لەبەڕێوەبەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران دەکەم، بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی پێشکەش بە کەس و کارو خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان کردوویانە".

جەختی لەوەش کردەوە: "تاکە پەیامی خۆم وەک دایکی شەھیدان، لە مۆزەخانەی شەھیدانی سۆران راگەیاند و داوام لەحزب و لایەنە کوردییەکان کرد، کە ھەموو رق و کینەکانیان وڵابنێن و دەست لەناو دەست، لەپێناو ئامانجە گەورەکەمان ھەنگاوبنێن، ئەوەیش راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانە".

ڕۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2014، ھەر سێ برای پێشمەرگە ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان و مەولود عوسمانی کوڕانی دایکە عائیشە تەھا عوسمان، لەدایکبووی 1926، لە سنووری میحوەری زوممار لە کاتی بەرگریکردن لە کوردستان، شەھید بوون، ڕۆژی 23ـی کانوونی یەکەمی 2014 بارزانی، نازناوی (دایکی شەھیدان)ی بە دایکە عائیشە بەخشی.










باسنیوز
Top