راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتەوە

راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتەوە
بەھۆی تۆمەتبارکردنی ھەولێر بە دروستکردنی ئەو ھەڵمەتی پروپاگەندەیەی کە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) دژی سەربەخۆیی کوردستان دەستی پێکردووە، ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتەوە.



ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٩/٧/٢٠١٧، عەبدولواحید دوکانی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”نازانم بۆ ئەمشەو ھەر لە خۆمەوە پێموایە ئەو بەرەی (نەخێر)ەی ئەو برادەرەی سلێمانی، لە ھەولێرەوە سپۆنسەر دەکرێ و دروستکراوە؟ نازانم ئەو ھەستە چییە؟“.



لە بەرامبەریشدا ھەر لە پێگەکەی خۆی، ڕەخنەیەکی زۆری ئاراستە کرا، بەوەی کە ئەو تۆمەتە پێویستە بەپێی ”ھەست دەکەم“ نەبێت، بەڵکوو بە زانیاری و بەڵگە بێت.



ھەر لەمبارەیەوە بەختیار شاخی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی، بە توندی وەڵامی قسەکانی ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراقی دایەوە و ڕای گەیاند: ”خراپ تێکەڵت کردووە حاجی، خۆ ئێوە فێرن ھەرچی پۆخڵەواتی لای خۆتان ھەیە، ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی ھەولێر، بودجەی سلێمانی لووش دەکرێت و حیساباتی یەک فلسی ناگەڕێتەوە ھەولێر، کەچی بەخەڵک ئەڵێن خەتای ھەولێرە، بودجەی وشکەساڵیتان ئاودیو کرد و ھاتن ١٧ی شوباتتان دژی ھەولێر کرد. شەقامەکانی سلێمانیتان پڕ تاسە کرد و گوتتان خەتای ھەولێرە. دەستتان بەسەر ھەرچی پڕۆژەدا ھەیە، گرت و بە خەڵکتان گوت (گەر بارانیش نەبارێت، خەتای ھەولێرە)“.



ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پرسیاری ئەوە دەکات: ”بەجددی ئەم عوقدەیە چییە بەرانبەر بە ھەولێر ھەتانە؟ ئێوە کە مەیل و ھیواتان لە بەغدایە، تۆ بڵێی نوشتەیان نەکردبێتە مووچەکەتان؟ ئەم زوڵمە لەسەر سلێمانی لابەن کاکە، وێرانتان کرد، کردووتانەتە شارێک لە ڕق“.



بەختیار شاخی ئاماژەشی بەوە داوە کە ئێستا ”نە یەکێتی و نە گۆڕان خاوەنی سلێمانی نین“ و ھۆکارەکەشی بۆ ”ڕق بارانی ئێوەمانان و خۆ مەشغوڵکردنتان بە دژایەتیی ھەولێر“ گەڕاندووەتەوە. بۆیە دەڵێت: ”ئیدی سلێمانی بە ئێوەش کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمڕۆ شاسوار و سبەی ھەڤاڵێکی تەڤگەری دیموکراسی دەبنە خاوەنی سلێمانی. ئەم قسەیەم بۆ شاھیدی ھەڵگرە و لەبیرت نەچێت“.



لە کۆتاییشدا ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نووسیویەتی: ”کاکە عەبدولواحید، ئەم بڵاوکردنەوەی ڕق و ترسە بەرانبەر ھەولێر، ئەگەر بەرانبەر داگیرکەران بووایە، شانازییەکی گەورەتان تۆمار دەکرد. تکایە دوای ئەم نووسینانەش لافی شۆڕشگێڕی و خەباتی باب و باپیرانتان بەسەر کەسدا لێمەدەن، چونکە خەریکە خەباتی ئەوان ناشرین دەکەن. باوک و باپیرتان پێشمەرگەی کوردستان بوون، کەچی ئێوە دژی ئامانجەکانی ئەوان تێدەکۆشن“.




باسنیوز
Top