راوێژکارێکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتەوە
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٩/٧/٢٠١٧، عەبدولواحید دوکانی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”نازانم بۆ ئەمشەو ھەر لە خۆمەوە پێموایە ئەو بەرەی (نەخێر)ەی ئەو برادەرەی سلێمانی، لە ھەولێرەوە سپۆنسەر دەکرێ و دروستکراوە؟ نازانم ئەو ھەستە چییە؟“.
لە بەرامبەریشدا ھەر لە پێگەکەی خۆی، ڕەخنەیەکی زۆری ئاراستە کرا، بەوەی کە ئەو تۆمەتە پێویستە بەپێی ”ھەست دەکەم“ نەبێت، بەڵکوو بە زانیاری و بەڵگە بێت.
ھەر لەمبارەیەوە بەختیار شاخی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی، بە توندی وەڵامی قسەکانی ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراقی دایەوە و ڕای گەیاند: ”خراپ تێکەڵت کردووە حاجی، خۆ ئێوە فێرن ھەرچی پۆخڵەواتی لای خۆتان ھەیە، ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی ھەولێر، بودجەی سلێمانی لووش دەکرێت و حیساباتی یەک فلسی ناگەڕێتەوە ھەولێر، کەچی بەخەڵک ئەڵێن خەتای ھەولێرە، بودجەی وشکەساڵیتان ئاودیو کرد و ھاتن ١٧ی شوباتتان دژی ھەولێر کرد. شەقامەکانی سلێمانیتان پڕ تاسە کرد و گوتتان خەتای ھەولێرە. دەستتان بەسەر ھەرچی پڕۆژەدا ھەیە، گرت و بە خەڵکتان گوت (گەر بارانیش نەبارێت، خەتای ھەولێرە)“.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پرسیاری ئەوە دەکات: ”بەجددی ئەم عوقدەیە چییە بەرانبەر بە ھەولێر ھەتانە؟ ئێوە کە مەیل و ھیواتان لە بەغدایە، تۆ بڵێی نوشتەیان نەکردبێتە مووچەکەتان؟ ئەم زوڵمە لەسەر سلێمانی لابەن کاکە، وێرانتان کرد، کردووتانەتە شارێک لە ڕق“.
بەختیار شاخی ئاماژەشی بەوە داوە کە ئێستا ”نە یەکێتی و نە گۆڕان خاوەنی سلێمانی نین“ و ھۆکارەکەشی بۆ ”ڕق بارانی ئێوەمانان و خۆ مەشغوڵکردنتان بە دژایەتیی ھەولێر“ گەڕاندووەتەوە. بۆیە دەڵێت: ”ئیدی سلێمانی بە ئێوەش کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمڕۆ شاسوار و سبەی ھەڤاڵێکی تەڤگەری دیموکراسی دەبنە خاوەنی سلێمانی. ئەم قسەیەم بۆ شاھیدی ھەڵگرە و لەبیرت نەچێت“.
لە کۆتاییشدا ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نووسیویەتی: ”کاکە عەبدولواحید، ئەم بڵاوکردنەوەی ڕق و ترسە بەرانبەر ھەولێر، ئەگەر بەرانبەر داگیرکەران بووایە، شانازییەکی گەورەتان تۆمار دەکرد. تکایە دوای ئەم نووسینانەش لافی شۆڕشگێڕی و خەباتی باب و باپیرانتان بەسەر کەسدا لێمەدەن، چونکە خەریکە خەباتی ئەوان ناشرین دەکەن. باوک و باپیرتان پێشمەرگەی کوردستان بوون، کەچی ئێوە دژی ئامانجەکانی ئەوان تێدەکۆشن“.
باسنیوز
