وەبەرهێنەرێک داوا لە وەبەرهێـنەران دەکات خەرجیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەستۆ بگرن
مەلا یاسین، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، ژمارەی دۆستانی کوردستان لە دەرەوە ”زۆر زیاترە“ لە نەیارانی.
مەلا یاسین بە ئاماژەکردن بەوەی 20 ملیۆ دۆلاری تێچووی پرۆسەی ریفراندمی سەربەخۆیی زۆر نییە بۆ سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی کوردستان، داوا لەو وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانە دەکات خەرجیی پرۆسەکە لە ئەستۆ بگرن، بۆ ئەوەی ”بەشدار بین لە دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردستان“.
گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، وەبەرهێنەرانی کوردستان بە گشتی لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دان و بەشدار بوون لەو پرۆسەیە بە ”ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی“ی خۆیان دەزانن.
وەک لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیاردرا، رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
باسنیوز
