داوا دەکرێت شەقامێک بەناوی کارمەندێکی کۆچکردووی شارەوانی بکرێت
ھەفتەی رابردوو، لەسەر شەقامی 60 مەتریی ھەولێر، کرێکارێکی شارەوانی، لەکاتی دەوامی فەرمی، ئۆتۆمبێل لێی دا و بەو ھۆیەوە گیانی لەدەست دا، بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داوایان کرد، شەقامەکە بەناوی ئەو گەنجە بکرێت، لەوبارەوە سەرۆکی شارەوانی ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر داوامان لێ بکرێت بەناوی ئەو گەنجە دەکەین.
سامان محەمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ڕاگەیاند: "تا ئێستا ھیچ داوایەکی فەرمی و ھیچ پێشنیارێکمان لە ھیچ لایەنێکەوە بۆ نەھاتووە، تا ئەو شەقامەی کە ئەو گەنجە تێیدا ئۆتۆمبێل لێی داو مرد، بە ناوی ئەوی بکەین".
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ئەوەشی خستە روو: "ھیچ لارییەکیان لەسەر بەناوکردنی ئەو شەقامە نییە، ئەگەر داوایەکی لەو جۆرەشمان بۆ بێت ئەوا دیراسەی دەکەین، چونکە لێژنەیەک لە پارێزگای ھەولێر بەسەرۆکایەتیی تاھیر عەبدوڵا، جێگری پارێزگا ھەیە، کە نوێنەری ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، بۆ بەناوکردنی شەقامەکان".
ئاشکراشی کرد: "وەک ڕێزێک پێمان خۆشە کە شەقامەکە بەناوی ئەو گەنجە بکرێت، بۆ ئەوەش ھەوڵ دەدەین لەگەڵ بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان قسە بکەین".
ڕۆژی 26/7/2017 لەسەر شەقامی 60 مەتریی ھەولێر، کرێکارێکی شارەوانی بەناوی (بێستون محەمەد) تەمەن 19 ساڵ، لەکاتی دەوامی فەرمی، ئۆتۆمبێل لێی دا و بەو ھۆیەوە گیانی لەدەست دا.
bas news-
