مه‌لا به‌ختیار: به‌غداش ڕازی نه‌بێت ڕیفراندۆم له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانى دیكه ده‌كرێت
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه ئه‌گه‌ر به‌غداش ڕ‌ازى نه‌بێت، ڕیفراندۆمى كوردستان له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌كرێت.
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له دیدارێكى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ى (شه‌رق)ى ئێرانى، ڕای گه‌یاند: "حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، نیگه‌رانى و دڵه‌ڕاوكێی ئێرانییه‌كانى له‌باره‌ى ڕیفراندۆمه‌وه زیادكرد".
جه‌ختیشیكرده‌وه، كه ده‌بوو (ئێرانییه‌كان) له‌گه‌ڵ كورد له‌و باره‌یه‌وه گفتوگۆ بكه‌ن.
مه‌لا به‌ختیار، گوتیشی: "شانده‌كه‌ى یه‌كێتی كه به‌م دوواییانه سه‌ردانى تارانى كرد، بۆ به‌رپرسانى ئێرانى ڕوونكرده‌وه، كه ڕیفراندۆمى كوردستان بڕیارێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و، تایبه‌ت نییه به حزبێك یان تاكه كه‌سێك له هه‌رێم".
له‌باره‌ى دۆخى كه‌ركووك و پێكهێنانى هه‌رێمێكى تایبه‌ت به‌و پارێزگایه، مه‌لا به‌ختیار جه‌ختیكرده‌وه، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئێران، گفتوگۆیان نه‌كردووه.
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، بۆ ڕۆژنامه ئێرانییه‌كه، دووپاتیكرده‌وه، كه ڕیفراندۆمى كوردستان له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌غداش ڕازی نه‌بێت.
bas news-
