چاودێرێكی سیاسی: ڕای گشتیی ئەمەریكا ریفراندۆمی کوردستانی قەبووڵە
لەو بارەیەوە، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین (د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەگەر تەماشای سیستمی سیاسیی ئەمەریكا بكەین، لەسەر بنەمای دیموكراسی دروست كراوە، بۆیە ئەستەمە دژایەتیی ڕیفراندۆم بكات جا ھەر نەتەوەیەك ئەنجامی بدات، بۆیە پێویستە ئەوەیش بزانین ئەمەریكا نایەت داوامان لێ بكات ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین، بەڵام كە ئێمە خۆمان ڕۆژەكەمان دیاری كردووە، كە ٢٥/٩ـی ئەمساڵە، ئەمەریكا دژی نییە، بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت، نەك تەنھا ئەمەریكا، بەڵكو وڵاتانی ڕۆژئاواش ددانی پێدا دەنێن.''
(مەلاعومەر) گوتیشی: ''ڕرەنگە بەغدا ڕازی نەبێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و ڕای جیاوازیان ھەبێت، ئەمەیش ئاساییە و نابێتە ھۆی ئەوەی كە ئەو ڕیفراندۆمە شەرعی نییە، بەڵكو زۆر دەستوورییە و ھیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت.''
ھەر لەو پانێڵەی كۆنگرێسی ئەمەریكادا، كۆنگرێسمانانی پێشوو و پسپۆڕانی ئەمەریكا لە بواری جیاجیادا گوتەیان پێشكەش كرد و تێیدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم دەربڕی و بە مافی خەڵكی كوردستانیان زانی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لەو بارەیەوە (د. ساڵح) دەڵێت: ''گوتەی ئەو كەسایەتییە ئەمەریكاییانە، یان ئەوانەی لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمەریكا گوتاریان لە ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممەدا ھەبووە، ئەوە نیشان دەدات كە ڕای گشتیی ئەمەریكا پاڵپشتیی ھەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، جگە لەوەیش ھاوكار دەبن بۆ ئەوەی ھەندێك وڵاتانی دیكەی جیھان بێنن تا ددان بە دەوڵەتی كوردستاندا بنێن.''
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: ''ڕەنگە ھەندێك بەرپرس ھەبن باس لەوە بكەن كە پێویستە ڕیفراندۆم ھەندێك دوا بخرێت، بەڵام گەر ئەنجام درا، دواتر ئەوانیش ددان بەو پرۆسەیەدا دەنێن و قبووڵی دەكەن، بۆیە پێویستە ھەرێمی كوردستان هەنگاو بنێت و لە ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، چونكە ئەو پرۆسەیە پاڵپشتییەكی بەھێزی ھەیە.''
kdp-
