شارەزایەكی ئابووری: سەدان وڵات ئامادەن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكەن
ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە لە نێو خەڵكدا بڵاو دەكرێتەوە، كە گوایە بە ھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی كوردستاندا قەیرانی دارایی و قاتوقڕی دروست دەبێت و وڵاتانی ھەرێمی سنوورەكان بە ڕووی ھەرێمی كوردستاندا دادەخەن و كەلوپەل و خۆراك گران دەبن، ئەمەیش بۆ ئەوەیە مەترسی لای خەڵكی دروست بكەن و گرانی لە بازاڕەكان دروست ببێت. لەم بارەیەوە مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری، (ئەیوب سماقەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''پرۆسەی ڕیفراندۆم ھیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان نابێت، چونكە ئەو پرۆسەیە ڕاستەوخۆ نابێتە ھۆی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵكو ڕای ھاووڵاتییان وەردەگیرێت، كە ئایا سەربەخۆییان دەوێت، یان نا، بۆیە ئەو كەسانەی دەبنە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و خۆراك لە بازاڕدا، پێویستە سزا بدرێن و حكوومەت بێتە سەر خەت، چونكە ئەمە لە لایەن ھەندێك بازرگانی بێویژدانەوە دروست كراوە و دەیانەوێت زیان لە خەڵكی كوردستان بدەن.''
لە پانێڵی دوێنێی تایبەت بە کوردستان هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمەریکایە کە تەوەرەکانی زیاتر پێوەست بوون بە سەربەخۆیی، شارەزایانی ئابووری ئەمەریکا دووپاتیان لەوەکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی لەبارە تا بەرەو ئابوورییەکی بەهێز هەنگاو بنێ، هەروەها نیشانیاندا کە دەبێ ئەمەریکا پشت بە وزەی هەرێمی کوردستان ببەسێ، شارەزایانی ئابووریش لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دووپاتیان لەوەکردووەتەوە کە ریفراندۆم هەزانی دێنێ نەوەک بە پێچەوانەوە کە دەڵێن بەهۆی ریفراندۆمەوە کوردستان دەکەوێتە قەیرانێکی دیکەی ئابوورییەوە.
لەبارەی تورکیا و ئێران و عێراقیش کە هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا هاوسنوورە، (سماقەیی) روونی کردەوە: "راستییەك ھەیە پێویستە ھەموو خەڵكی كوردستان بیزانێت، نە ئێران، نە توركیا و نە عێراق، نەك ڕیفراندۆم، بەڵكو سەربەخۆییش ڕابگەیەنین سنوورەكان داناخەن، لەبەر ئەوەی ھەرێمی كوردستان باشترین شوێنە بۆ ساخكردنەوەی كەلوپەلەكانی ئەوان و بەرژەوەندیی ئابوورییان ھەیە، بۆیە گەر ئەوان ئەو كارە بكەن كە نایكەن، سەدان وڵاتی دیكە ھەیە دەرگایان بە ڕووی ھەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە وەكو چین و چەند وڵاتێكی دیكە، جگە لەوەیش ھیچ بڕیارێكی نێودەوڵەتی نییە، گەر سەربەخۆیی ڕابگەیەێنین گەمارۆی ئابووری بخرێتە سەر ھەرێمی كوردستان.''
(سماقەیی) دەشڵێت: ''دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشە و دەتوانێت پێداویستییە خۆراكییەكان دابین بكات، وەكو گەنم و جۆ و میوە و پێداویستییەكانی دیكە، جگە لەوەش ھەرێمی كوردستان پارەی ھەیە و بازاڕێكی زۆر باشیشی ھەیە بۆ كڕینی كەلوپەل، بۆیە فرۆشیارەكان ناتوانن دەست لە ھەرێمی كوردستان بەر بدەن، با خەڵكیش بزانێت بەو شێوەیە نییە، كە ھەندێك كەس دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان هاونیشتمانیان لە خشتە ببەن.''
kdp-
