ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لەندەنی باس لە پشتیوانییەکانی کۆسرەت ڕەسول عەلی بۆ ڕیفراندۆم دەکات
ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لەندەنی، ئەمڕۆ شەممە 29/7/2017، وتارێکی هۆشەنگ ئۆسی، نووسەری ڕۆژنامەکەی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا باسی لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و ڕای گەیاندووە کە جەلال تاڵەبانی، ”هەزار حیسابی“ بۆ کۆسرەت ڕەسول کردووە و تەنانەت زیاتر لە نەوشیروان مستەفا و بەرهەم ساڵح و سەردەم سەرکردەکانی دیکە ”حیسابی بۆ کردووە“.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە بەهۆی پشتیوانیکردنی لە سەربەخۆیی کوردستان و هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە حەشدی شەعبی لەلایەک و ناکۆکییەکانی لەگەڵ باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار لەلایەکی دیکە ، کۆسرەت ڕەسول عەلی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سووکایەتی بووەتەوە،
نووسەری ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە زۆرجار تاڵەبانی باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی کوردستان “خەونە”، بەڵام ئەو سەرکردەیە “ئێستاش دەڵێت دەبێ ئەو خەونە بەدی بێت”. هاوکات ئاماژەی بە وتەیەکی کۆسرەت ڕەسول بۆ ڕۆژنامەی (کوریری دیلا سیرا)ی ئیتاڵی داوە کە گوتوویەتی: “پێویستە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ دووبارە دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت، تاوەکوو گەلان بە تایبەتیش گەلی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین، ناتواندرێت کوردستان بە شێوەی ئێستا کە بۆ چوار بەش دابەش کراوە، بمێنێتەوە. سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بۆ من نەک خەونە، بەڵکوو ڕاستییە”.
هەر لەو وتارەدا کە لە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لەندەنیدا بڵاو کراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کۆسرەت ڕەسول عەلی بەهۆی تووڕەبوونی، هۆشداری بە سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە داوە و گوتوویەتی: “هەر کەسێک لە ڕیفراندۆم بە نەخێر دەنگ بدات، دەستگیری دەکەم و زیندانی دەکەم”.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سەرکردەکانی باڵەکەی دیکەی یەکێتی ڕەخنەیان لەبارەی پشتیوانیکردنی کۆسرەت ڕەسول عەلی بۆ بارزانی لە پرسی ڕیفراندۆم گرتووە و لە بەرامبەردا کۆسرەت ڕەسول عەلی گوتوویەتی: “پاڵپشتی لە هەر کەسێک دەکەم کە پشتیوانی لە پڕۆژەی دەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان بکات، تەنانەت ئەگەر ئەوکەسە بەهرامی شێمەی هاروون، سەرۆکی عەشیرەتی هاروون بێت”.
بەپێی ڕۆژنامەکە، کۆسرەت ڕەسول بەردەوام جەخت لە پێویستیی یەکڕیزیی کورد دەکاتەوە و پێیوایە کە ئەو یەکڕیزییە تاکە گەرەنتیی سەرکەوتنە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکاندا، بە تایبەتش لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی وتارەکە لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لەندەنی، کلیک لێرە بکە..
باسنيوز
