پشکۆ نەجمەدین بۆ شاسوار عەبدولواحید: سەرمایەدارێکی ھەڵتۆقیوی بەر بارانی گەندەڵکارانی

 پشکۆ نەجمەدین بۆ شاسوار عەبدولواحید: سەرمایەدارێکی ھەڵتۆقیوی بەر بارانی گەندەڵکارانی
نووسەر و شاعیرێک، وەڵامی شاسوار عەبدولواحید، دەداتەوە کە بەنیازە، بزووتنەوەی نەخێر، دژی ریفراندۆم پێکبھێنێت، دەڵێت "من دەمەوێت دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خێڵ و ئێڵ و بنەماڵەکان، ژێراوژوور ببن، بەڵام تۆ "شاسوار"ی ئەو جەنگە نیت.

پشکۆ نەجمەدین، نووسەر و شاعیر، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لەبارەی شارسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، نووسیویەتی: "من خوازیارم، سیستەمی نادروستی سیاسی و ئیداریی وڵاتەکەم، بگۆڕدرێت، بەڵام دڵنیام، کە بە تۆ ناکرێت، من دەمەوێت دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خێڵ و ئێڵ و بنەماڵەکان، ژێراوژوور ببن، بەڵام تۆ "شاسوار"ی ئەو جەنگە نیت، من خەون بە دیموکراسی، یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە دەبینم، وەلێ تۆ پاڵەوانی ئەو خەونە نیت".

ئەو نووسەرە، بەو شێوەیە، باسی خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیای کردووە: "سەرمایەدارێکی مینا قارچک ھەڵتۆقیوی بەر بارانی گەندەڵان و گەندەڵکاری، ئیمپراتۆریای موڵکداری و میدیاکاریت، لە نەبوونی سیستەم و دامودەزگادا، ڕۆ ناوە، کەچی ھێشتا تێر نابیت و بەنیازیت، بزووتنەوەیەکی گەوجاندنی گەنجەکانی وڵات، بۆ بەدیھێنانی خەونی ڕیفۆرم و چاکسازی بخولقێنیت".

پشکۆ نەجمەدین، دەشڵێت: "ھەق وایە، ئێمە بزانین، تۆ گۆچانێکی ڕزیوی دەستی یاریکەرە بزێوە دەرەکییەکان و مقاشێکی دەستی ئەو کەس و ھێزە ناوەکییە شکستخواردووانەیت، کە پشکۆیەکیان پێ نەخرایە نێو کوورەی ڕق و بێزاریی ھەژارانی وڵاتەکەم، من دڵنیام، گڕکانی ئاخ و حەسرەتی گەنجەکانی ئەم وڵاتە، دەتەقێتەوە، بەڵام تۆ پریشکێکی ئەو شاڵاوە گڕگرتووە نابیت، ڕۆژان دێن و ئەوی تەمەن مەودای بدات، ئەزموونی گەوجاندنی تۆیش دەبینێت"

چەند رۆژێک لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا، لە کەناڵەکەی خۆی (NRT)، لە دیمانەیەکدا رای گەیاند کە بەنیازە، گرووپی نەخێر دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە دوو ھەفتەی دیکە رابگەیەنێت.









باسنيوز
Top