ئەنستیتیوتی مێدیتریانە و زانکۆی چەرمۆ پانێڵێک لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبەن
ئەمڕۆ شەممە 29/7/2017، بەھرۆز جەعفەر، سەرۆکی ئەنستیتیوتەکە ڕایگەیاند، پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بووە بە پرسێکی نێودەوڵەتی و ئەوانیش لە ئەنستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی ھەرێمایەتی لەگەڵ زانکۆی چەرمۆ سمینارێکی 15 پانێڵی لەژێر ناوی (پرۆسەی ڕیفراندۆم لەنێوان بەربەست و دەرفەتەکانی) بەڕێوە دەبات.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پسپۆڕ و ئەکادیمی لە بوارەکانی ئابووری لە زانکۆکانی عێراق و کوردستان بەشدارییان لەو پانێڵەدا کردووە و گوتی: ”ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەم پڕۆسەیە بکەین بە پرۆسەیەکی زانستی و ئەکادیمی، ھەروەھا توێژەری ئەکادیمی و پسپۆڕ لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئامادە بکەین، بۆ ئەوەی بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بڵاوی بکەینەوە“.
بەهرۆز جەعفەر باسیشی لەوە کرد کە لە پانێڵی یەکەمدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، گفتوگۆی چڕوپڕیان لەبارەی ڕیفراندۆمەوە کردووە و لە پانێڵی دووەمدا باسی لایەن کەلتووری و فەرھەنگی و یاساییەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکرێت. گوتیشی: ”کەسانی پسپۆڕی تێدایە کە باسی ڕەھەندەکانی ڕیفراندۆم لەڕووی یاسای نێودەوڵەتی دەکات، چەندین کەسانی پسپۆڕ و ئاکادیمیی دیکە لەڕووی فەرھەنگی و مێژووییەوە باسی پرۆسەی ڕیفراندۆمی کوردستان دەکەن“.
سەرۆکی ئەنستیتیوتەکە لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و ڕای گەیاند: ”بەھۆی ھەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لەسەر پرۆسەی ڕیفراندۆم، لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و ئامادەبووانی پانێڵەکەوە، وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان درایەوە، بەو مانایەی کە دەبێت پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە“.
باسنیوز
