شارەزایەکی ئابووری: هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی بازاڕە

 شارەزایەکی ئابووری: هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی بازاڕە
شارەزایەکی ئابووری ڕای گەیاند، پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان ھەموو بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و دەتوانن کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست بکەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە بانگەشەکردنەکانی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، هۆکاری بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتییانە لەسەر کڕینی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکان.



ھەدەوان نەقشبەندی، شارەزای ئابووری ڕاگەیاند: ”پرسی ڕیفراندۆم تا ئێستا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە وەک پێویست بۆ ھاووڵاتییان ڕوون نەکراوەتەوە و بەرچاوڕوونیی تەواو بە خەڵک نەدراوە، ھەر ئەوەشە نیگەرانی لا دروست کردوون، پێیان وایە کە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دۆخێکی نەخوازراو دێتە پێشەوە، ھۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستا کەناڵێکی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان نییە تا ئەو بابەتە ڕوون بکاتەوە بۆ خەڵک".



بەبڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، پەیوەندیی بازرگانیی پتەو لە نێوان ھەموو بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، و ”بەشێک لەو بازرگانانە لەم بارودۆخانەدا هەوڵدەدەن بزانن چۆن کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان دروست بکەن، بۆ ئەوەی سامانەکانیان ساخ بکەنەوە“.



لەبارەی هەڵمەتی بانگەشەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) لە دژی سەربەخۆیی کوردستان کە لە کەناڵی تەلەڤزیۆنییەکەیدا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە دۆخی ئابووریی خراپتر دەبێت، ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ڕاگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید دەستی لە گرابوونی نرخەکان ھەیە کە ئەمەش یاریکردنە بە چارەنووسی هاووڵاتییان“. ڕوونیشی کردەوە: ”لە کەناڵی کۆمپانیاکەی شاسوار عەبدولواحیدەوە بابەتەکە بەجۆرێک شرۆڤە دەکەن، زانیاریی نادرووست بە ھاووڵاتییان دەدەن“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵێک ڕەھەندی ئابووریی گرنگ هەیە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. پرسیاری ئەوەشی کرد، لەحاڵەتێکدا ئەگەر دەنگی (بەڵێ)ی ڕیفراندۆم بەسەر دەنگی (نەخێر)دا سەرکەوت، ئایا ھەموو پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەپچڕێت؟ گوتیشی: ” بەدڵنیاییەوە ئەگەر لە ڕووی ئابوورییەوە تەماشای ئەو بابەتە بکەین، ئێران و تورکیا ئەگەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە بپچڕێنن، ئەوان دوو ھێندەی ئێمە زەرەرمەند دەبن، چونکە ھەرێمی کوردستان شوێنێکە بۆ ساخکردنەوەی زۆرێک لە کاڵاکانی ئەوان“.



دووپاتیشی کردەوە کە ئەو کەس و کەناڵانەی دەنگۆی گرانبوونی بازاڕ و پەیدابوونی برسێتی لەنێو خەڵکیدا بڵاو دەکەنەوە، ”خۆیان لەگەڵ بازرگانەکاندا شەریکن“.




باسنيوز
Top