ئەمڕۆ سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵوێست لەبارەی هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید وەردەگرێت

 ئەمڕۆ سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵوێست لەبارەی هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید وەردەگرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و تێیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی قسەکانی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) دەردەبڕێت.



ڕەھبەری سەید ئیبراھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 29/7/2017، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بە گشتی باس لە پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ”تا 10/8/2017“ و سەردانەکەی شاندی یەکێتی بۆ لای ئێران و دواتر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی یەکێتی بۆ لای پارتی دیموکراتیی کوردستان کرد و ڕای گەیاند: ”سەردانەکە لەبارەی نەخشە ڕێگاکەی یەکێتییە“.



لەبارەی ئەو هەڵمەتی پروپاگەندەیەی کە شاسوار عەبدولواحید لە دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕێکی خستووە، ڕەهبەری سەید برایم ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیی یەکێتی، بڕیار لەسەر ئەو هەڵمەتە دەدرێت کە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) و کەناڵە ئاسمانییەکەیەوە دەستی پێ کردووە".



پێشتر ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی جیاجیای یەکێتی هەڵوێستیان لەبارەی هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید ڕاگەیاندووە و گوڵناز عەزیز قادر، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندبوو کە لە جێگەی دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان، باشترە شاسوار عەبدولواحید کێشەکانی کۆمپانیاکەی لەگەڵ خەڵک چارەسەر بکات.



باسنيوز
Top