ئەمڕۆ سەرکردایەتیی یەکێتی هەڵوێست لەبارەی هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید وەردەگرێت
ڕەھبەری سەید ئیبراھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 29/7/2017، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بە گشتی باس لە پرسی ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ”تا 10/8/2017“ و سەردانەکەی شاندی یەکێتی بۆ لای ئێران و دواتر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی یەکێتی بۆ لای پارتی دیموکراتیی کوردستان کرد و ڕای گەیاند: ”سەردانەکە لەبارەی نەخشە ڕێگاکەی یەکێتییە“.
لەبارەی ئەو هەڵمەتی پروپاگەندەیەی کە شاسوار عەبدولواحید لە دژی سەربەخۆیی کوردستان ڕێکی خستووە، ڕەهبەری سەید برایم ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرکردایەتیی یەکێتی، بڕیار لەسەر ئەو هەڵمەتە دەدرێت کە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا) و کەناڵە ئاسمانییەکەیەوە دەستی پێ کردووە".
پێشتر ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی جیاجیای یەکێتی هەڵوێستیان لەبارەی هەڵمەتەکەی شاسوار عەبدولواحید ڕاگەیاندووە و گوڵناز عەزیز قادر، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندبوو کە لە جێگەی دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان، باشترە شاسوار عەبدولواحید کێشەکانی کۆمپانیاکەی لەگەڵ خەڵک چارەسەر بکات.
باسنيوز
