ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم "نەخشەڕێگەی داهاتووی" دیاریدەکات

 ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم
رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم کۆدەبێتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگەی داهاتووی ئەنجوومەنەکە دیاریدەکرێت.

عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 30-7-2017 ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەلاحەدین کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگەی داهاتووی ئەنجوومەنەکە دیاریدەکرێت و لیژنەیەکی سیاسیی و دیپلۆماسی بۆ سەردانی وڵاتان پێکدەهێنرێت.

عەبدوڵڵا وەرتێ گوتیشی "رەنگە دوو لیژنە پێکبهێنرێت، یەکێکیان بۆ سەردانی وڵاتان و ئەوی دیکە بۆ سەردانی بەغدا".

رۆژی 8-7-2017 یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا سێ بڕیار دران، کە یەکەمیان "پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بوو بە بڕیار و راسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7-6-2017 سەبارەت بە دیاریكردنی رۆژی 25ـی ئەیلوول بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، و چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسیی هەرێم و هەوڵدان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵك".

لە خاڵی دووەمی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو "بۆ هەنگاونانی پڕاكتیكی لە ئامادەكاری لەسەرجەم بوارەكانی ریفراندۆم هەیكەلیەتی كاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم و كۆمیتە فەرعییەكان دیاریكرا".

خاڵی سێیەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم جەختیکردبووەوە، کە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، پێداویستییەكانی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم فەراهەم دەكات.



رووداو
Top