جەنەراڵ ئێرنی ئۆدینۆ: دەرەنجامی باش چاوەڕێی دەوڵەتی کوردستان دەکات
ئەو فەرمەندە سەربازییەی ئەمریکا ڕاشی گەیاند: "زۆر لە دانوستانەکاندا ئەوەی کە پرسی کورد پشتگوێ خراوە، لە لاوازیی ئەم نەتەوەیە نەبووە، بەڵکوو ئەوە لە بەهێزی و ڕەوایی ماف و داواکارییەکانی بووە لە ئەمریکاش پاڵپشتی باشتان هەیە و ئێمەش لێرە بەردەوامین هەڵوێست و داخوازییەکانی کورد بگەیەنینە ئاستی باڵا هەتا فکری ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بەرانبەر بە دۆزی کورد بگۆڕین کەلە بەرژەوەندیی کورددا بێت"
لە وەڵامی ئەوە پرسیارەی ئەمریکییەکان ئیستا چۆن دەڕواننە پرسی سەربەخۆیی کوردستان، جەنەراڵ ئۆدینۆ گوتی: "من زۆر دڵخۆش و گەشبینم بەوەی کە هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بە کورد زۆر باشترە و سیاسەتی پێشوو نەماوە پاڵپشتیی کورد دەکرێت و هەندێ وردە شت لێرە و لەوێ هەیە کە زۆر کەمن و جێگەی بایەخ نین و من گەشبینم".
لە درێژەدا و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئاخۆ لە داهاتوودا ئەمریکا کە کورد بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، لە ئەگەری هێرش و مەترسیی دراوسێکانیدا پاڵپشتیی دەکات؟ ڕای گەیاند "بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆی لە کوردستانی سەربەخۆیدا ببینێتەوە، بەڵێ ڕاستەوخۆ هاوکاری و پاڵپشتیی دەکات و ئەوە بزانن کە ئەمریکا هاوپەیمان و بەرگریکاری دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد: "کوردستان لە داهاتوودا نموونەی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیە، با سەیری پەیوەندیی هەولێر و ئەنقەرە لە چەند ساڵی ڕابردوو بکەین، بۆ وێنە ئەو بۆرییە نەوتەی کوردستان کەلە تورکیاوە دەچێتە بەندەری جەیهان خەڵک پێی وابوو دەبێتە کێشە و ئاڵۆزی، بەڵام بە پێچەوانەوە وا نەبوو و ئیستا هۆکاری سەقامگیریی ناوچەکەیە".
جەنەراڵ ئێرنی ئپدینۆ گوتیشی: "کورد لە ساڵانی ڕابردوودا نموونەیەکی باشیان لە خۆیان نیشان دا و سەلماندیان دەتوانن ببنە هاوپەیمانێکی باش و هەموو دنیاش ئەمە بە باشی دەزانن و ئەمریکاش باش دەزانێت کە کورد چۆن توانی بەرانبەر شەیتانی داعش بوەستێتەوە و شکستی پێ بێنێت و توانی ببێتە ناوچەیەکی ئارام بۆ کەمینە نەتەوەکان ئەمە ڕێزێکی گەورەی بۆ کورد لە ئاستی حکوومەت و تاکەکەس لەناو ئەمریکادا دروست کردووە، بۆیە ئێوە توانیتان باشترین بەهاکانی مرۆڤایەتی نیشان بدەن و ئەمە هەنگاوێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەتان کە توانیتان هەڵی بگرن"
لە کۆتاییدا ڕای گەیاند "من پێم وایە ئێوە لە 2017/9/25 بە پێداگری و سووربوونی خۆتان لەسەر بڕیاری نەتەوەییتان بەرەو ئامانجە گەورەکەتان کە دەوڵەتی کوردستان هەنگاو دەنێن، چونکە دەوڵەتی سەربەخۆ و بەهێزی کوردستان نەتەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچەکە و ئەمریکا و ڕۆژئاوا باشە و من ئەم گوتانەشم لە بابەتێکدا کەلە ڕۆژنامەی (واشنتۆنتایمز) بڵاو کراوەتەوە، من بە وردی باسی پێنج بەرژەوەندیی ئەرمیکام کردووە کەلە دەوڵەتی کوردستاندا بەدی دەکرێت، ئەم ژمارەیەی واشنتۆنتایمز کە دۆسیەیەکی 36 لاپەڕەییە کە زۆربەی نووسەرە باشەکان لەسەر کوردیان نووسیوە".
لەبارەی هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان گوتی "من لەو باوەڕەدام تاران لە بەربەست دروستکردن بۆ هەوڵەکانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئامانجیشی هێشتنەوەی هەژموونیی خۆیە لە عێراق و ناوچەکە، بۆیە لێرەدا پێویستە ئەمریکا پاڵپشتی تەواوی هاوپەیمانەکانی بێت کە کوردستان و هەولێرە، بۆیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تاران، هەولێر هەڵوسێتێکی زۆر بەهێزتری دەبێت".
باسنيوز
