کەرکووک.. 10 داواکراو و گومانلێکراو دەستگیرکران
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، دەستگیرکردنی 10 داواکراو و گومانلێکراوی لە دوو ھەڵمەتی گەڕان و پشکنیندا لەناو شاری کەرکووک و دۆڵ و شیو و کارگە و مەزرەعەکانی ناوچەی کەلوڕ، ڕاگەیاند.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو 26 لەسەر 27/7/2017 پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی کەرکووک، ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، چەکدارێکی ڕێکخراوی داعشمان دەستگیر کرد کە بەپێی مادەی 4 ی تیرۆر داواکراو بووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، ئەوەشی خستە ڕوو: "دەستگیرکراوەکە پێشتر چەکداری سوپای موجاھیدین بووە، دەستی لە کوشتنی خەڵک و دانانی بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگای کەرکووک ـ ڕیاز ھەبووە، دواتریش بووەتە چەکداری داعش و بەشداری شەڕەکانی سنووری شاری کەرکووکی کردووە دژی ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکووک".
ئاشکراشی کرد: "کاتژمێر 5:00 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆش 27/7/2017 ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک، ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە گوندەکان و سەرجەم شیو و دۆڵ و کارگە و بەرزایی و مەزرەعەکانی ناوچەی کەلوڕ ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا نۆ داواکراو و گومانلێکراو دەستگیر کران کە سێ کەسیان ناسنامەکانیان ساختە بووە".
bas news-
