نەقیبی رۆژنامەنووسان: ھەر میدیایەك دژی ریفراندۆم قسە بكات، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە

نەقیبی رۆژنامەنووسان: ھەر میدیایەك دژی ریفراندۆم قسە بكات، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، ھەر میدیایەك دژی ریفراندۆم قسە بكات، پێشێلی یاسای رۆژنامەگەریی كردووە و، كارێكی ناپیشەیی و نائەخلاقییە و دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە، چونكە ئەركی میدیا ئەوەیە بەرگری لە مافی نیشتیمانیی گەلی كوردستان بكات.

حاكم (ئازاد حەمەدەمین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پرسی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین، ئەركی نیشتیمانی و تەحەددیاتی گرینگی چارەنووسازن، لە یاسای ژمارە چواری ساڵی ١٩٩٨ـی سەندیكای رۆژنامەنووسان و لە یاسای ساڵی ٢٠٠٧ـی رۆژنامەنووساندا ھاتووە كە ئەركی رۆژنامەنووس ئەوەیە بەرگری لە بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمانی بكات، چونكە ئەمە ئەركێكی پیشەیی و ئەخلاقی و نیشتیمانییە، بۆیە كاركردنی دژی ئەمانە جگە لەوەی پێشێلكردنی قانوونە، لە ھەمان كاتدا كارێكی ناپرۆفیشناڵی و ناپیشەیی و نائەخلاقییە، لەبەر ئەوە لە ئەمڕۆدا قسەكردن لە دژی ریفراندۆم لەلایەن ھەر كەس و دەزگایەكی میدیاییەوە بێت، پێشێلكردنی یاسا وكارێكی ناپیشەیی و نائەخلاقییە و دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە، بۆیە ئەركی میدیا ئەوەیە داكۆكیكاری سەرسەختی ریفراندۆم بێت".

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەشڵێت، "نابێت میدیا پردێك بێت بۆ گواستنەوەی دەنگی دژەڕیفراندۆم، بۆیە پێویستە میدیا لە ھەموو شتێك بێلایەن بێت، تەنھا لە پرسە نیشتیمانییەكاندا نابێت بێلایەن بێت و پێویستە پشتگیری بكەن".

(حاكم ئازاد) ڕوونیشی كردەوە، ئەوەی پەنا بباتە بەر دژایەتیكردنی ریفراندۆم، كارێكی ناپیشەیی و نائەخلاقی ئەنجام دەدات، ئەم پرەنسیپانەیش لە یاسا و دۆكیۆمێنتەكانی شەرەفی پیشەییدا هەن كە ئەویش پاشكۆی یاسای رۆژنامەگەرییە زۆر بەڕوونی باسی كردووە، ئێمەیش دركمان پێ كردووە ھەندێك لە میدیاكان دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكەن، لەبەر ئەوە لە داھاتوودا قسەی راشكاوانەتر دەكەین و ھەوڵ دەدەین میساقێك لەو بارەیەوە بڵاو بكەینەوە" .
kdp-
Top