یاقوو: ئەوەی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبێت خیانەتی نیشتمانی دەکات

 	 یاقوو: ئەوەی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبێت خیانەتی نیشتمانی دەکات
ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، دەشتی نەینەوا و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدان، ئامادەن بۆ ڕیفراندۆم و دەنگ بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی خۆیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەدەن. دەشڵێت، ئەوەی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبێت خیانەتی نیشتمانی دەکات.

دەشتی نەینەوا لە دوای ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر، خەڵکی ناوچەکەی ڕوویان کردە هەرێمی کوردستان، دواتریش هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانی داعش لە ناوچەکەدا تێک بشکێنێت.

ئێستا ئامارێکی تەواو نییە، سەبارەت بەوەی کە چەند کەس لە دەشتی نەینەوا ئاوارە بوون، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتن بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نیزیک، ٩٠ هەزار کەس لە دەشتی نەینەوا بەتایبەت لە ناوچە مەسیحی نشینەکان ئاوارە بوون.

دەشتی نەینەوا لە قەزاكانی حەمدانییە، بەرتلە و تلكیف و 9 ناحیە پێك هاتووە، زۆربەی زۆری دانیشتوانی دەشتی نەینەوا لە كوردانی ئێزدی و مەسیحی پێك دێن، لەگەڵ ئەوەی شەبەك و كاكەییش لەو ناوچانەدا هەن. ئەو ناوچانەش وەكو شنگال لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كراون و هێزی پێشمەرگە نەیهێشت داعش ئەوان بڕفێنێت و دەست بۆ خەڵكی مەسیحی درێژ بكات، ئێستاش هەر هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە دەپارێزێت و لەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگەی لێیە ژیان ئاساییە.

(وەحیدە یاقوو هورمز)، نوێنەری کریستییانەکان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: ''مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوا خۆیان داوایان كردووە كە بەشدار بن لە دەنگدان و دەنگ بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی خۆیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بدەن، ئەو ناوچانەی لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار كراون، خەڵكی ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە و ئامادەن بۆ ڕیفراندۆم و دەنگ بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی خۆیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەدەن، بەڵام ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەستی حەشدی شەعبیدان، خەڵكەكە وەك پێویست نەگەڕاونەتەوە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەوان ڕێگری لە خەڵك دەكەن، بەڵام گومانی تێدا نییە، ئەو خەڵكەی گەڕاونەتەوە، دەنگ بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی خۆیان دەدەن و دەگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان.''

لە بەرانبەر چەند کەسێکیشدا کە دەیانەوێت هەڵمەتێک لە دژی ڕیفرامدۆم دروست بکەن، (یاقوو) پێیان دەڵێت: ئەوە خیانەتی نیشتمانییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان بەشدار بن و هاوكار بن بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە، باوەڕیش ناكەم هیچ كەس و لایەنێك لە كوردستان هەبێت، کە بڵێت من دژی ڕیفراندۆمم، چونكە ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە و پەیوەندیی بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكو بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە گرێ دراوە، سەرەڕای ئەوەیش، ئەگەر لایەنێك لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبێت و دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان نەدات، بەرپرس دەبێت لە بەرامبەر گەلەكەیدا و مێژوویەكی ڕەش بۆ خۆی تۆمار دەكات، هەر لەبەر ئەوە ئێمە هەموومان بەرپرسین بەرامبەر بەو پرسە، چونكە ئایندەی هەرێمی كوردستان دیاری دەكەین، بۆیە ڕیفراندۆم لە هەموو كێشە و ناكۆكییەكان گەورەترە و، دەبێ لایەنەكان كێشەكانیان بەلاوە بنێن و پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكەن، بۆ ئەوەی گەلانی كوردستان بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن.''

kdp-
Top